گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەندێكی پەیوەندی بە هەولێرەوە هەیە

پێنج سیناریۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمەریكا و عێراق

2020.09.28 - 18:41
App store icon Play store icon Play store icon
پێنج سیناریۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمەریكا و عێراق

ناس کورد-

بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دامەزراوەی گاڵوپ، پێنج سیناریۆ دەخاتەڕوو لەبارەی ئەگەری بەرەنگاربوونەوەی ئەمەریكا و عێراق لەبەر ڕۆشنایی ئەو گرژییانەی بەهۆی هێرشی میلیشیاكانەوە دژ بە باڵیۆزخانەی ئەمەریكا هاتووەتە كایەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە شیكارێكدا كە مونقیز داغر، بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەندامی ئەنجومەنی دامەزراوەی گاڵوپ و توێژەری پێشكەوتوو لە پەیمانگای واشنتۆن بڵاویكردووەتەوە، ئەم ئەگەر و پێشهاتانەی خوارەوە بۆ دەنگۆی بەریەككەوتنی عێراق و ئەمەریكا خراونەتە ڕوو:


یەكەم: چڕكردنەوەی هێرشی ئاسمانی و چالاكی هەواڵگریی كە هەم هێرشبەران دەمكوت دەكات و هەمیش پاڵپشت دەبێت بۆ ترەمپ لە هەڵبژاردنەكان.


دووەم: داخستنی باڵیۆزخانە -ئەگەری بەهێزەـ لەگەڵ هێشتنەوەی پەیوەندییەكی ئاسایی لەگەڵ حكومەتی كازمی و لە دۆخێكی تووڕەی دیبلۆماسی، لەم كاتەشدا قورسایی ئەمەریكی دەچێت بەرەو هەولێر، هەموو ئەمەش بۆ كەمكردنەوەی قوربانی ئەمەریكی و ناردنی پەیامی جۆراوجۆری توند.


سێیەم: داخستنی باڵیۆزخانەی بەغدا و ئەژماركردنی عێراق و عێراق بەیەك پاكێج وەك عێراقی پاش 1991 ئەمەش سەرەنجام ئەبێتە هۆی داخورانی عێراق.


چوارەم لەوانی تر مەترسیدارترە و تێكەڵەیەكە لە بژاردەكانی تر كە هێرشی سەربازی و بایكۆتی ئابوری و دیبلۆماسی لەخۆدەگرێت لەگەڵ دروستكردنی گەلەكۆمە لە عێراق.


پێنجەم: بژاردەیەكی گەشبینانەیە كە ئەمەریكا و حكومەتی كازمی بەهاوكاری هێزە سیاسییەكانی تر كۆنتڕۆڵی دۆخی ئەمنی بكەن و بەسەر هێرشبەراندا زاڵ بن تا ئەوەندەی كازمی دەتوانێت گفت و بەڵێنەكانی خۆی بەسەر ببات لە هەڵبژاردنی پێشوەختە و قوتاركردنی عێراق لە قەیرانی سەختی دارایی.

 

لەلایەکی ترەوە، ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویكردەوە، هۆشدارییەكانی ئەمەریكا لەبارەی داخستنی باڵیۆزخانەكەی شۆكی دروستكردوە لە ناو بەرپرسانی عێراق و حكومەتی بەغداش بەهیوایە ئەمەریكا چاو بەبڕیارەكەدا بخشێنێتەوە.  

  

ڕۆژنامە ئەمەریكییەكە لە ڕاپۆرتێكدا كە ئەمڕۆ 28 ئەیلولی 2020 بڵاوكراوەتەوە، لێدوانی ئەحمەد مەلا تەلاڵ، وتەبێژی حكومەتی عێراق لە خۆدەگرێت كە هیواخوازە ئیدارەی ترەمپ چاو بەو بڕیارەدا بگێڕێتەوە و دەڵێت: "داخستنی باڵیۆزخانە پەیامێكی سەلبییەو دەبێتە هاندەری زیاتریان".  

  

هەر لەو میانەیەدا واشنتۆن پۆست ئاشكرایكردووە، بڕیارەكەی ئەمەریكا بۆ داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا ئێوارەی 26ی ئەیلول لە رێگای پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەوە بە مستەفا كازمی راگەیەنراوە و لەهەمان كاتدا باڵیۆزخانە رۆژئاواییەكانیتری لێ ئاگادار كراوەتەوە.  

  

سەرچاوەیەكی دییلۆماسی ئەوەی بە رۆژنامەكە رایگەیاندووە، چۆڵكردنی باڵیۆزخانەکە ماوەی 90 رۆژ كات دەبات، چونكە گەورەترین پێگەی دیبلۆماسی ئەمەریكایە لە جیهان.  

  

لەلای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رەتیكردۆتەوە لێدوان لەسەر ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی پۆمپیۆ و مستەفا كازمی بدات، بەڵام بێزاری خۆی نەشاردووەتەوە لە هێرشە موشەكییەكانی دژی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا و وتویەتی: "مایەی هەڕەشەن بۆسەر سەرجەم باڵیۆزخانەكان و بنكەو بارەگا حكومییەكان و خەڵكی نیشتەجێی ناوچەی سەوز".  

  

هاوکات، بەرپرسێكی عێراقی لە نوسینگەی كازمی ئەوەی ئاشكراكردووە كە سەرۆك وەزیران لە ڕێگای وڵاتانی ئەوروپاوە لەهەوڵی پەشیمان كردنەوەی واشنتۆندایە لە بڕیارەكە، لەلای خۆشیانەوە بەرپرسانی سێ باڵیۆزخانەی ئەوروپی دەڵێن، نوێنەرایەتی وڵاتەكانیان لە عێراق دەمێنێتەوە تەنانەت ئەگەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكاش بكشێتەوە.