گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کازمی پلانی دروستکردنی هەزار قوتابخانە لە سەرتاسەری وڵات ڕادەگەیەنێت

2020.09.28 - 17:27
کازمی پلانی دروستکردنی هەزار قوتابخانە لە سەرتاسەری وڵات ڕادەگەیەنێت

ناس کورد-
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پلانی دروستکردنی هەزار خۆێندنگا لە سەرانسەری عێراق، کازمی لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی حکومیی پسپۆڕ کۆبووەوە.

 

ئەمڕۆ دووشەممە، 28ی ئەیلولی 2020، نوسینگەی ڕاگەیاندنی مستەفا کازمی، سەرۆکوزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێدا هاتووە، کازمی لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی حکومی پسپۆر کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی پلانی دروستکردنی هەزار باڵەخانەی تایبەت بە خۆێندنگا لە سەرانسەری عێراق.

 

لە کۆبوونەوەکەدا "کازمی 10 نمونەی ئەندازەیی جۆراوجۆی باڵەخانەی خوێندنگاکانی خراوەتە بەردەست کە بڕیارە بە بەرزترین کواڵێتی و تایبەتمەندییە جیهانییەکان دروست بکرێن".

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، کازمی وتوویەتی، "پەروەردە و فێرکردن کۆڵەکەی ژیانی شکۆمەندانەی عێراقییەکانە، دەبێت کەشی لەباری بۆ بڕەخسێت، ژێرخان پێویستی بۆ دابین بکرێت، ئەو پرسە یەکێکە لە هەرە ئەو بابەتە گرنگانەی کە حکومەت بایەخی پێدەدات و بەشێکە لە بەرپرسیارییەتییەکانی".    

 

سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەشکردووە، "پەروەردە و فێرکردن هاوشان لەگەڵ کەرتی تەندروستی دوو چەکی گرنگن کە لە ڕێگەیانەوە گەلان بەرەو پێشووە دەڕۆن".

 

ڕاگەیاندراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرۆکوەزیران جەختی لەوەشکردووەتەوە کە دەبێت پلانی دروستکردنی خوێندگاکان پلانێکی گشتگیر بێت و هەموو ناوچەکانی عێراق بگرێتەوە، لەگەڵ چڕکردنەوەی هەوڵەکان لە ناوچە گوندنشینەکان کە دەبێت پشکێکی باشیان لەو پلانە بەربکەوێت".

 

 کازمی جەختیش کردووەتەوە کە "دەبێت ئامانجی لە پێشینەی ئەو پلانە نەهێشتنی جەنجاڵی و دوودەوامی و سێ دەوامی بێت لە قوتابخانەکاندا".