گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەنگاوى دواتر چییە؟ 

ناس کورد وردەکاری گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانى هێزەکانى 70 و80 ئاشکرادەکات 

2020.09.28 - 15:56
ناس کورد وردەکاری گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانى هێزەکانى 70 و80 ئاشکرادەکات 

ناس کورد-

بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى پیشمەرگە ڕایگەیاند، بەستنەوەى یەکەى ژمێریارى هێزەکانى 70 و 80 هەنگاوى یەکەمە بۆ یەکخستنەوەى تەواوەتى هێزى پێشمەرگە، لە ئێستاشدا ئەو دوو هێزە لەرووى پەیکەربەندییەوە سەرقاڵى خۆگونجاندنن لەگەڵ سیستەمى وەزارەت وەک هەنگاوێک بۆ یەکخستنەوەى تەواوەتى.

 

وەزارەتى پێشمەرگە بڕیاریدا یه‌كه‌ی ژمێریاری یه‌كه‌كانی 70ى یەکێتى و 80 ى پارتى بخاتە سه‌ر وه‌زاره‌تەکە، بەوەش ته‌واوی موچه‌ و بودجه‌ى ئەو دوو یەکەیە له‌ژێر وردبینی فه‌رمانگه‌ی چاودێری دارایی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تدا دەبێت.  

 

لیوا قارەمان کەمال جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە بە ناس کوردى ڕاگەیاند "ئەو بڕیارە هەنگاوى یەکەمە بۆ ئەوەى تەواوى میزانیەى ئەو دوو هێزە بخرێتە ژێر دەستى وەزارەت، لەکاتێکدا پێشتر لەلایەن وەزارەتى داراییەوە بۆیان دابیندەکرا".

 

وتیشى "ئەمە هەنگاوێکە لە چوارچێوەى یەکخستنەوە و یەکگرتنەوەى تەواوەتى هێزەکانى پێشمەرگە لە چوارچێوەى وەزارەتدا، هەنگاوەکانى دواتر بۆ ئەوەیە سەرجەم هێزەکان بخرێنە ناو وەزارەتەوە".

 

لە ئێستادا هێزەکانى 70 ى یەکێتى و 80ى پارتى، دوو گەورەترین هێزن کە لەدەرەوەى وەزارەتى پێشمەرگەن و تا ئێستا دیارنییە کەى یەکدەگرنەوە.



لیوا قارەمان باسى لەوەکرد، لەسەر داواى وەزارەتى پێشمەرگە، لە ئێستادا ئەو دوو هێزە سەرقاڵى گۆڕانکاریی ناوخۆیین لە لیواکان و پێکهاتەى هێزەکانیان، بۆ ئەوەى خۆیان لەگەڵ سیستەمى وەزارەتى پێشمەرگە بگونجێنن، وەک ئامادەکارییەک بۆ یەکخستنیان لەچوارچێوەى وەزارەتدا.



هەنگاوەکانى یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 2009 کە لەسەردەمى کابینەى پێنجەمى حکومەتدا دەست بە پڕۆسەکە کرا و ساڵى دواتر 14 لیواى پێشمەرگە لەژێر چەترى وەزارەتى پێشمەرگەدا کۆکرانەوە.

 

ماوەى چەند ساڵێکە وەزارەتى پێشمەرگە کار لەسەر پڕۆژەى چاکسازیی دەکات کە لەلایەن وەزارەتەکە و هاوپەیمانانەوە ئامادەکراوە بەمەبەستى چاکسازیی و یەکخستنى هێزەکان.  

 

لیوا قارەمان جەختیکردەوە، هاوپەیمانان هاوکارى ئەو هێزانە دەکەن کە لە چوارچێوەى وەزارەتدان، نەک هێزەکانى دەرەوەى وەزارەت، بۆیە هەر هێزێک کە بیەوێت سود مەندبێت لە هاوکارییەکان دەبێت لەژێر چەترى وەزارەتدا بێت.