گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کونسوڵی ئەمەریکا و پارێزگاری هەولێر دوو پرسیان تاووتوێ کرد

2020.09.28 - 15:29
کونسوڵی ئەمەریکا و پارێزگاری هەولێر دوو پرسیان تاووتوێ کرد

ناس کورد-

 کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم لەگەڵ پارێزگاری هەولێر کۆبوەوە و باسیان لە کارەکانی دروستکردنی کونسوڵخانەی ئەمریکا لەهەولێر و هەروەها پێشنیاری دەستە خوشکی نێوان ویلایەتی ناشفێڵ و هەولێر کرد، ئەوەش لەدوای دەنگۆکانی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.

 

ئەمڕۆ (دووشەمە، 28ی ئەیلولی 2020)، فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە رۆب وۆڵەر، کونسوڵی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی پارێزگای هەولێر، لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، دوای تاوتوێکردنی  پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا، سوپاسی پارێزگاری هەولێری کرد بۆ ئەو پێشوازییەی کەلێیکرا و ئاماژەی بە گرنگیی بە هێزبوونی پەیوەندییەکانی هەردوولا کرد.

 

لەراگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم ڕایگەیاندووە: "سەرسامم بەو پێشکەوتنەی لەهەولێر هەیە، شاری هەولێر بەراورد بە سەرجەم شارەکانی دیکەی ناوچەکە، لەپێشکەوتنی بەردەوام دایە و بەماوەیەکی کورت پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە”.

 

 ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات ، لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر،ڕایگەیاندووە : "ئاگادارین کارەکانی دروستکردنی کونسڵخانەی ئەمریکا لەهەولێر بەباشی بەڕێوەدەچێت، ئێمەش وەک چۆن لە ڕابردوودا هاوکار و هەماهەنگ بووین، ئێستاش بەهەمانشێوە هاوکارتانین بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە لەکاتی خۆیدا".

 

لەبارەی پێشنیاری دەستە خوشکی نێوان ویلایەتی ناشفێڵ و هەولێری پایتەخت، راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، "پارێزگاری هەولێر خۆشحاڵى خۆى بۆ ئەو پێشنیارە دەربڕیوە و وتوویەتى "ئێستا لە خۆئامادەکردنداین بۆئەوەی بەزووترین کات لەپێناو بەرەوپێشبردنی زیاتری دۆستایەتی و توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان، واژووی ئەو ڕێککەوتنە بکەین”.

 

کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە کە لەئێستادا دەنگۆیەکی زۆری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا هەیە و بەگوێرەی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، ئێوارەی (26ی ئەیلولى 2020) ئەمریکا لە رێگای وەزیری دەرەوەوە  مستەفا كازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقى لەبڕیارەکە ئاگادارکردووەتەوە.

 

بەگوێرەی سەرچاوەیەكی دیبلۆماسیش کە قسەی بۆ ڕۆژنامەکە کردووە، چۆڵكردنی باڵیۆزخانەکە ماوەی 90 رۆژ كات دەبات، چونكە گەورەترین پێگەی دیبلۆماسی ئەمەریكایە لە جیهان.