گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

كازمی بە فوئاد حسێندا پەیامێكی بەپەلەی ناردووە بۆ ئێران

2020.09.27 - 23:02
كازمی بە فوئاد حسێندا پەیامێكی بەپەلەی ناردووە بۆ ئێران

ناس کورد-

سەرچاوەیەکى نزیک لە سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، مستەفا کازمى پەیامێکى لەبارەى بەئامانجگرتنى باڵیۆزخانەى ئەمریکاوە لە بەغدا ناردووە بۆ ئێران.

 

سەرچاوەیەكی سیاسی عێراقی بەكەناڵی "أخبارالآن" ی ئیماراتی راگەیاندوە كە سەردانی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ تاران بەمەبەستی گەیاندنی پەیامێكی كازمی بووە لەبارەی ململانێی ئێران و ئەمەریكا لە عێراق.

 

بەگوێرەى سەرچاوەکە پەیامەکە پەیامێکى توندى کازمى بووە بۆ ئێران و داواى لێکردوون کە ڕێز لە سەروەرى عێراق بگرن و لەنێوخۆى خاکى عێراقدا ناکۆکییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا پەرە پێ نەدەن.

 

جەختیشى لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ڕکابەرى لەگەڵ ئەمریکییەکان لەلایەن ئێرانەوە پێویستە لە دەرەوەى خاکى عێراقدا بێت.

 

پەیامەکەى کازمى بۆ ئێران لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 27ی ئەیلولی 2020)، ڕۆژنامەی (أخبار الخلیج) كە زمانحاڵی دەوڵەتی بەحرەینە لە ڕاپۆرتێكدا ئەوەی ئاشكرا كردووە کە مایك پۆمپیۆ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق پەیامێكی هەڕەشەئامێزی بۆ میلیشیا شیعەكانی عێراق ناردووە ئەگەر بەردەوام بن لە هێرشی موشەكی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا و ناوەڕۆكی پەیامەكەش چوار خاڵی سەرەكی لەخۆی گرتووە كە بریتین لە:  

  

یەکەم: داخستنی باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا ئەگەر هاتوو هەر هێزێکی ئەمریکی یان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕوبەڕوی هێرش ببنەوە.  

  

دەشڵێت، بەرهەم ساڵح پەیامەکەى گەیاندووە بە میلیشیاکان و وتوویەتی، بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانە ئامادەیە و چاوەڕێی واژۆیەکی ترەمپ دەکات، ئەگەر ئەوەش ڕووبدات واتە عێراق دەبێتە دەوڵەتێکی دژە ئەمریکا.  

  

وتوشیەتی، لەو کاتەدا 12 وڵاتی تر باڵێۆزخانەکانیان دادەخەن، واتە عێراق دەبێتە وڵاتێکی داخراو.  

  

زیاتر بخوێنەوە: داخستنی باڵیۆزخانە و هێرشی ئاسمانی ئەگەرەكانی ’’شەڕی ئۆكتۆبەرن’’ لە عێراق  

  

دووەم: پێکان و سەرکردە شیعییەکان و فەرماندەکانی گروپە چەکدارییەکان هاوشێوەی لەناوبردنی قاسم سولەیمانی و مەهدی موهەندیس.  

  

سێیەم: ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی ورد و چڕ بۆسەر پێگە و بارەگاکانی گروپە چەکدارەکان و بەردەوامیش دەبێت تاوەکو هەڵوەشاندنەوەى ئەو گروپانە و کوژران و هەڵهاتنی فەرماندەکانیان.  

  

چوارەم: وشککردنی پارەی تۆمارکراوی ئەو سیاسییانەى کە تێوەگلاون یاخود پەیوەندییان هەیە لەگەڵ ئەو میلیشیایانەى کە شوێنە دیبلۆماسی و ئەمنییەکانی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج.