گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فراکسیۆنە کوردییەکانى دیکە بەنیازى چین؟

پارتى و یەکێتى و سەدرییەکان لە ’’ڕێککەوتن’’ نزیکن

2020.09.27 - 20:41
پارتى و یەکێتى و سەدرییەکان لە ’’ڕێککەوتن’’ نزیکن

ناس کورد-

 

پارتى و یەکێتى و هاوپەیمانى سائیرونى سەر بە رەوتى سەدر بۆ چارەسەرى قەیرانى فرە بازنەیی لە چوارچێوەى یاساى نوێی هەڵبژاردنەکاندا لە "رێککەوتن" نزیکن، لەکاتێکدا پەرلەمانتارێک باس لە رێککەوتنى "ژێر بەژێر" دەکات لەنێوانیاندا.

 

پەرلەمانى عێراق لە کۆبوونەوەى دوێنێ (شەممە) دەنگیدا لەسەر میکانیزمى دابەشکردنى بازنەکانى هەڵبژاردن و ڕێگەدان بە پابەندبوون بە زيادەڕەوى جوگرافى و هەمەڕەنگى پێكهاتەكان لەناو هەر پارێزگايەكدا، بەڵام دەنگدانى لەسەر دابەشکردنى بازنەکان دواخست بۆ رۆژى شەممەى داهاتوو.

 

لە دانيشتنەكەدا زۆرينەى پەرلەمانتارانى كوتلەكانى هاوپەيمانى دەوڵەتى ياسا و فەتح و چەند پەرلەمانتارێكى كوتلە سونى و كورديەكان كشانەوە، بەهۆى ئەوەشەوە ڕێژەى ياسايى ئەندامان تەواو نەكرا بۆ تێپەڕاندنى ياساكە.  

 

حەسەن ئالى پەرلەمانتارى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاند "یاساى هەڵبژاردنەکان و پرسى فرە بازنەیی زۆر هەستیارە و پێشنیازى جیاجیا هەیە بۆ تێپەڕاندنى".

 

وتیشى "یەکێتى و پارتى و سائیرون بۆچونیان نزیکە لەبارەى پشتبەستن بە چارەسەرى مامناوەند و بازنەى مامناوەند بۆ تێپەڕاندنى ئەو دۆخە، ئەوەش لەسەر بنەماى لەبەرچاوگرتنى مافى پێکهاتەکان لەهەر پارێزگایەکدا".

 

حەسەن ئالى باسى لەوەشکرد، ئەوەى هەیە تا ئێستا تەنها لەیەک نزیکبوونەوەى بۆچونەکانە نەک رێککەوتن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان پێیانوایە پرسی یەک بازنەییش گونجاوە ئەگەرلایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ یاساکەى پێشوو.

 

بەپێی پێشنیازى بازنەى مامناوەند، هەر پارێزگایەک بەپێی ژمارەى دانیشتوانى بەسەر بازنەى جیاجیادا دابەشدەکرێن بەشێوەیەک هەر بازنەیەک سێ بۆ پێنج کورسى پەرلەمانى لەخۆ بگرێت، لەجیاتى ئەوەى هەر کورسییەک بازنەیەکى بۆ دیاریبکرێت.

 

جەمال کۆچەر پەرلەمانتارى یەکگرتوو لە پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاند "پێموایە پارتى و یەکێتى و سائیرون رێککەوتنى ژێر بەژێریان کردووە لەو بارەیەوە بۆ پشتبەستن بە بازنەى مامناوەند، ئێمەش وەک فراکسیۆنەکانى دەرەوەى پارتى و یەکێتى بەوە رازى نین".

 

وتیشى "پارتى و یەکێتى پێشتر دژى فرە بازنەیی بوون، بەڵام ئێستا لەگەڵ سائیرون رێککەوتوون، بەڵام ئێمە ئەوە رەتدەکەینەوە".

 

جەمال کۆچەر جەختیکردەوە ئەوان لەگەڵ ئەوەدان کە هەر پارێزگایەک بکرێتە دوو بازنەى هەڵبژاردن بەپێی ژمارەى دانیشتووان، بەجۆرێک بازنەکان سەرجەمیان لەناو پارێزگاکەدا بن، نەک ئەوەى قەزاکان بکرێنە بنەما بۆ دابەشکردنى بازنەکان و رێگە بە تێکەڵاوى جوگرافى سنورى پارێزگاکان بدرێت.

 

"پشتبەستن بەو بنەمایە گرفت دروستدەکات، بەتایبەت کە بەشێک لە قەزاکان ململانێی سنورى لەنێوانیاندا هەیە و چارەسەر نەکراون"، جەمال کۆچەر وایوت.