گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

كۆنتڕۆڵكردنى چەك و ڕوبەڕوبونەوەى گروپە لە ياسا دەرچووەكان

چوار سەرۆكايەتيەكە: لە حاڵەتى جەنگدا نین

2020.09.27 - 20:26
چوار سەرۆكايەتيەكە: لە حاڵەتى جەنگدا نین

ناس کورد-

هەر چوار سەرۆكايەتيەكەى عێراق، جەخت لەسەر هێشتنەوەى چەك بەدەستى دەوڵەت و پاراستنى نێردە دبلۆماسيەكان و بەرپەرچدانەوەى گروپە لە ياسا دەرچوەكان دەکەنەوە، دەشڵێن مافى هيچ لايەنێك نييە حاڵەتى جەنگ ڕابگەيەنێت.

 

نوسينگەى ڕاگەياندنى سەرۆكايەتى كۆمار لە بەياننامەيەكدا بڵاويكردوەتەوە، بەرهەم ساڵح سەرۆككۆمار ميواندارى كۆبوونەوەيەكى لەگەڵ مستەفا كازمى سەرۆك وەزيران، محەمەد حەلبوسى سەرۆكى پەرلەمان و فائق زێدان سەرۆكى ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى كردووە.

 

ئەوەش هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر دوايين پێشهاتە ئەمنى و سياسيەكان و كاريگەريە خراپە كەڵەكەبووەكانى بارودۆخى ئێستا كراوە.

 

لەبەیاننامەکەدا هاتووە، هەر لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر دوايين پێشهاتە ئەمنیيەكانى ئێستا و بەردەوامى بەئامانجگرتنى بارەگا مەدەنى و سەربازيەكان و بەردەوامى پرۆسەكانى تيرۆركردن و ڕفاندنى چالاكوانان و هاوڵاتيانى مەدەنى كرايەوە.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو کارانە واتاى بەئامانجگرتنى عێراق و سەروەريەكەى و پرۆژە نيشمانييەكەيەتى كە لەسەر بنەماى ئەوە حكومەتى ئێستا پێكهێنرا بۆ بەديهێنانى سەقامگيرى و پاراستنى هەيبەتى دەوڵەت و ئامادەكارى بۆ هەڵبژاردنى پێشوەخت لەسەر بنەما دادپەروەرييەكان، هەروەها ناوبانگى نێودەوڵەتى عێراق و پەيوەندييە دەرەكييەكانى لەناودەبات.

 

لە كۆبونەوەكەدا هێما بۆ ئەوەشكراوە، بەردەوامى كەشى گرژيە ئەمنيەكان و كاردانەوە كەڵەكەبوەكانى زيانى زۆر بە ئابورى عێراق و هەوڵەكانى بۆ تێپەڕاندنى قەيرانە كەڵەكەبوەكانى پەتاى كۆرۆنا و دابەزينى نرخى نەوت و داهاتەكەى وهەوڵەكان بۆ گەياندنى وڵات بە كەشێكى ئارام لە بەرەنگاربونەوەى قەيرانەكان دەگەيەنێت.

 

هەر چوار سەرۆكايەتييەكە سوربون لەسەر ئەوەى، عێراق لە شەڕدا نييە تەنها لەگەڵ تيرۆردا نەبێت كە گەلى عێراقى و هێزە سەربازى و ئەمنيەكانى بە سەرجەم ڕيزەكانيەوە قۆناغى يەكلاكەرەوەيان بڕيوە لە لەناوبردنى و سەركەوتن بەسەريدا.

 

ڕونيشكراوەتەوە، ڕاگەياندنى جەنگ لە تايبەتمەندى دامەزراوە ياسايى و جێبەجێكاريەكانى دەوڵەتى عێراقە ئەويش بە پشتبەستن بە ياسا و دەستور، مافى هيچ لايەنێك نييە حاڵەتى جەنگ ڕابگەيەنێت ياخود لەسەر بنەماى حاڵەتى جەنگ لەناو خاكى عێراقدا هەڵسوكەوت بكات.

 

ئامادەبوان تەئكيديشيان لەسەر رەتكردنەوەى دەستوەردانى دەرەكى و بەكارهێنانى خاكى عێڕاق وەك مەيدانى يەكلاكردنەوەى حساباتەكان كردوەتەوە، هەروەها تەئكيديش لەسەر ئەوە كراوەتەوە كارى گروپە لە ياسادەرچوەكان دژى وڵات و سەروەرييەكەى ڕێچكەيەكى مەترسيدارە كە سەقامگيرى عێراق ڕوبەڕوى مەترسى ڕاستەقينە دەكاتەوە، ئەوەش پێويستى بە يەكخستنى هەوڵەكانە لەسەر هەموو ئاستەكان و ئامادەبونى كاريگەرى هێزە سياسيەكانە بۆ بەرەنگاربونەوەى، ئەوەش سەرەڕاى بونى حكومەت بۆ پاراستنى ئاسايش و سەروەرى عێراق.

 

هەرچى سەبارەت بە گفتوگۆى ستراتيژييە، ئامادەبوان تەئكيديان لەوەكردوەتەوە كە عێراق دەست بە ئەنجامەكانى گفتوگۆى ستراتيژييەوە لەگەڵ ئەمريكا و ڕێكەوتنى دوبارە بڵاوبنەوەى هێزەكان لەماوەيەكى دياريكراودا دەگرێت.

 

هەروەها پشتيوانى لە ڕێنماييەكانى عەلى سيستانى مەرجەعى باڵاى ئايينى شيعەش كراوە و پێيان وايە، نەخشە ڕێگايەكە بۆ كوژانەوەى ئاگرى قەيرانەكان و ئەنجامدانى هەڵبژاردنێكى پێشوەختى پاك و دادپەروەرانە.