گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شوێنى کۆبۆنى کاغەزى دەگرێتەوە

شەش وەزارەت کار لەسەر کۆبۆنى زیرەکى بەشە خۆراک دەکەن

2020.09.27 - 19:32
شەش وەزارەت کار لەسەر کۆبۆنى زیرەکى بەشە خۆراک دەکەن

ناس کورد-

لیژنەیەکى وەزارى حکومەتى عێراق کە لە شەش وەزارەت پێکهاتووە کار لەسەر جێبەجێکردنى پڕۆژەى کۆبۆنى زیرەکى بەشە خۆراک دەکەن، بۆ جێگرتنەوەى کۆبۆنى کاغەزى.

 

بەگوێرەى ڕاگەیەندراوێکى وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى عێراق، عادل روکابى وەزیرى کار ئەمڕۆ (یەکشەممە) سەرۆکایەتى کۆبوونەوەیەکى لیژنە وەزارییەکەى کردووە بۆ جێبەجێکردنى پرۆژەى کارتى زیرەکى بەشە خۆراک کە پێکهاتووە لە وەزارەتەکانى، کار و بازرگانى و دارایی و پلاندانان و کشتوکاڵ و پیشەسازى، نوێنەرانى یەکێتى پیشەسازى و بازرگانى عێراقى.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئەو پێشنیازانە کراوە کە لەلایەن سەرجەم لایەنەکانەوە خراوەتەڕوو، تایبەت بە پرسی کۆبۆنى خۆراک و چۆنیەتى دابینکردنى مادەکانى بەشە خۆراک.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، هەر لەکۆبوونەوەکەدا پرسی کۆبۆنى زیرەکى بەشە خۆراک تاوتوێکراوە لەگەڵ چۆنیەتى جێبەجێکردنى و گەیشتن بە داڕشتنى کۆتایی بۆ ئەوەى بەرزبکرێتەوە بۆ ئەنجومەنى وەزاریی ئابورى بۆ پەسەندکردنى.

 

وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى ڕایگەیاندووە "جێبەجێکردنى پڕۆژەى کۆبۆنى زیرەک، کۆبۆن و ناوى وەهمى ئاشکرادەکات"، داواشیکرد پەلەبکرێت لە ئامادەکردنى کەشوهەواى گونجاو بۆ تاقیکردنەوەى پڕۆژەکە بەشێوەى ئەزمونى لەچەند پارێزگایەک.

 

پێشتر عەلا جبورى، وەزیرى بازرگانى عێراق بە میدیاى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندبوو، پڕۆژەیەکیان هەیە بۆ گۆڕینى کۆبونى کاغەزى بۆ ئەلیکترۆنى، ئەو پڕۆژەیەش زۆر گرنگە و کارئاسانى بۆ هاووڵاتیان دەکات کە بەدواداچوون بکات و چاودێرى پڕۆسەکە بکات.  

 

جبورى جەختیکردبووەوە، پڕۆژەى کۆبۆنى خۆراکى ئەلیکترۆنى لە نزیکترین کاتدا بەردەستدەبێت.