گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرەی توركمانی عێراقی: لەگەڵ ئازەربایجانین دژی ئەرمینیا

2020.09.27 - 18:13
بەرەی توركمانی عێراقی: لەگەڵ ئازەربایجانین دژی ئەرمینیا

ناس کورد-

سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە عێراق ڕایگەیاند، ئەوان وەک تورکی بەڕەگەز عێراقی بەهەموو توانایەکیانەوە پشتگیری و پاڵپشتی خۆیان بۆ سوپای وڵاتی ئازەربایجان دووپاتدەکەنەوە دژ بە دەستدرێژییەکانی وڵاتی ئەرمینیا.

 

ئەمڕۆ (یەکشەممە،27ی ئەیلولی 2020) ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی بەرەی تورکمانی لەعێراق کەهاوکات سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤیشە لە پەرلەمانی عێراق،  لەمیانەى بڵاوکردنەوەى نوسینێک لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک ئاماژەى بەوە کرد "بەو پێیەی کە ئێمە تورکی عێراقین، پاڵپشتی خۆمان بۆ سوپای وڵاتی ئازەربایجان لە بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژییەکانی ئەرمینیا دووپاتدەکەینەوە".  

 

 ساڵحی نوسیویەتی "خاکی ئازەربایجان ساڵانێکی زۆر لەژێر داگیرکاریدا بوو، بەڵام  بەهۆی ئازایەتی و توانای سوپاکەیەوە توانیویەتی لەداگیرکاری ڕزگاری بێت".

 

سەرۆکی بەرەی تورکمانی لەعێراق وڵاتی ئەرمینیای بە تیرۆرزم ناوبردووە و بەپێویستیزانیوە هەمووان لەپێناو ئازەربایجاندا یەکگرتووبن.

 

گرژى و ناکۆکییەکانى ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر ناوچەى (نەگۆڕنۆ قەرەباخ)ە کە کۆمارێکە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە دانی پێدا نەنراوە، ناوچەیەکی کەمتر لە 11 هەزار و 500 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، دەکەوێتە ناو سنوری وڵاتی ئێستەی ئازەربایجان و هاوسنوری ئەرمەنستانە، بەشێکی کەمیشی نزیک بە سنوری ئێرانە، ژمارەی دانیشتووانەکەی لە 200 هەزار کەس کەمترە و لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا ئەو کێشەیە لەنێوان ئازەرو ئەرمەندا ناو بەناو سەر هەڵدەداتەوە و بنەبڕ نابێ و ناو بەناو شەڕ لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا لەسەر ئەو کێشەیه هەڵدەگیرسێ، تا ئێستە زیاتر لە 35 هەزار کەس لەو نێوەندەدا کووژراون.