گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

خەزعەلى دژى پێشنيارەكەى سەدر وەستایەوە’شتێك نييە بەناوى بەئامانجگرتنى نێردە دبلۆماسيەكان’

2020.09.27 - 17:10
خەزعەلى دژى پێشنيارەكەى سەدر وەستایەوە’شتێك نييە بەناوى بەئامانجگرتنى نێردە دبلۆماسيەكان’

ناس كورد-

قەيس خەزعەلى، سەرۆكى عەسائيبى ئەهەلى حەق، چەند تۆمەتێك ئاراستەى باڵيۆزخانەى ئەمريكا لە عێڕاق دەكات و لەو بڕوایەدایە، لە ئێستادا بەرژەوەندى لە بە ئامانجگرتنيدا نييە.

 

خەزعەلى لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کردووە، لە عێراقدا بابەتێك نييە بە ناوى بە ئامانجگرتنى دەستە دبلۆماسيەكان و ڕۆشنبيريەكان، بەڵكو بەدياريكراوى بە ئامانجگرتنى باڵيۆزخانەى ئەمريكا هەيە.

 

ڕونيشيكردوەتەوە، ئەوەش وەك ديارە هۆكارى ئاشكراى هەيە، سەرجەم دەستە دبلۆماسيەكانى تر كارەكانى خۆيان بە شێوەيەكى سروشتى ئەنجام دەدەن بەبێ ئەوەى كەس دەستدرێژى بكاتە سەريان.

پێشتر موقتەدا سەدڕ، ڕێبەرى ڕەوتى سەدر داوايكرد، ليژنەيەك بۆ لێكۆڵينەوە لە پێشێلكاریيە ئەمنيەكان كە نێردە دبلۆماسيەكان و بارەگا فەرميەكانى دەوڵەت دەكەن بە ئامانج، پێكبهێنرێت.

 

سەدر لە بەياننامەيەكدا باسى لەوەكردبوو، بە لەبەرچاوگرتنى مەترسى بارودۆخى ئەمنى كە دەورى ئێستا و داهاتوى وڵاتى داوە و لە كاتى بونى پێشێلكاريیە ئەمنيەكان كە هەڕەشەيە لەسەر دەوڵەت و مەترسى ڕاستەوخۆ لەسەر ژيان و چارەنوسى گەلەكەمان دروستدەكات، پێمانوايە بەرژەوەندييەكى پێويستە كە ليژنەيەكى ئەمنى و سەربازى و پەرلەمانى پێكبهێنرێت.

 

ڕونيشيكردبوەوە، ئەوەش بۆ لێكۆڵينەوە لە پێشێلكاريیە ئەمنيەكانى سەر نێردە دبلۆماسيەكان و بارەگا فەرميەكانى دەوڵەت كە زيان بە ناو و ناوبانگى عێراق دەگەيەنێت لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى.

 

سەدر جەختیشى كردبوەوە، پێويستە ليژنەكە ئەنجامى لێكۆڵينەوەكان بۆ ڕاى گشتى ئاشكرا بكات ئەوەش لە كاتێكى دياريكراودا، بۆ ئەوەى ڕێوشوێنە ياسايى و جێبەجێكاريە پێويستەكان لەو بارەيەوە بگیڕدرێنە بەر، ئەگەر ئەوەش جێبەجێ نەكرێت ئەوا حكومەت كەمتەرخەمە لە كارەكەيدا بۆ گێڕانەوەى هەيبەتى دەوڵەت و سەپاندنى ئاسايش.

لاى خۆشيەوە مستەفا كازمى، سەرۆكوەزيران پشتگيرى پێشنيارەكەى موقتەدا سەدرى كرد بۆ پێكهێنانى ليژنەيەكى لێكۆڵينەوە لە هێرشى سەر نێردە دبلۆماسيەكان و لە تويتێكدا باسى لەوەكردبوو، پشتگيرى ئەو پێشنيارە دەكەين كە موقتەدا سەدر بۆ پێكهێنانى ليژنەيەكى ئەمنى و سەربازى و پەرلەمانى كردويەتى بۆ لێكۆڵينەوە لە بەئامانجگرتنى ئاسايشى عێراق و هەيبەتى دەوڵەت و ناو و ناوبانگى و پابەندبونى نێودەوڵەتيەكانى.

 

كازمى هێماى بۆ ئەوەشكردبوو، دەستى ياسا لەسەروو دەستى دەرچوانە لە ياسا هەرچەندە هەندێك پێچەوانە بير بكەنەوە، هاوپەيمانى گەندەڵى و چەك لە دەرەوەى دەوڵەت لە عێڕاقدا جێگەى نابێتەوە.