گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

توركیا لە عەفرینەوە چەكداری نارد بۆ ئازەربایجان

2020.09.27 - 16:56
توركیا لە عەفرینەوە چەكداری نارد بۆ ئازەربایجان

ناس کورد-

ڕوانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ ئاشکراى کرد، تورکیا یەکەم کاروانی چەکدارانی گروپە سورییەکانى ناردووەتە ئازەربایجان، بۆ روبەڕوبونەوەی ئەرمینیا.

 

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد، تورکیا لە شارى عەفرینى ڕۆژئاواى کوردستانەوە یەکەم کاروانی چەکدارانی میلیشیا سورییەکانى ڕەوانەى ئازەربایجان کردووە.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوى ڕوانگەکە لەماوەی سێ رۆژی رابردودا (300) چەکداری سوری سەر بە ملیشیا چەکدارەکان کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانى دەکرێن و زۆرینەیان لە گروپی (سوڵتان موراد و عەماشات) بون، گەیەندراونەتە سنورەکانی ئازەربایجان بۆ پشتیوانیی لە حکومەتی ئەو وڵاتە دژی ئەرمینیا کە ئێستا کێشەیان لەناوچە سنورییەکانی قەرەباخ هەیە.

 

روانگەی سوری لە راگەیەندراوەکەیدا جەختى لەسەر ئەوە کردۆتەوە هەر چەکدارێک ئەگەر لەسەر بڕیاری تورکیا، بچێتە لیبیا یان ئازەربایجان مانگانە (1500) بۆ (2000) دۆلار وەردەگرێت.

 

دوێنێ (شەممە) روانگەکە بڵاوی کردەوە، دوای تەواوبونی ئەرکەکانیان (1400) چەکداری سوریا لە لیبیاوە گەڕاونەتەوە و لە کۆی (18) هەزار چەکداری گروپە چەکدارییەکانى سوریا کە لەلایەن ئەنقەرەوە پشتیوانى دەکرێن لەناویاندا (350) منداڵی خوار تەمەن (18) ساڵ بوونى هەیە و لەو ژمارەیەش (2500) کەسیان هەڵگری رەگەزنامەی تونسین.