گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى نوێ لەسەر نامەکەى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بۆ بارزانى لەکاتی ڕیفراندۆم ئاشکرا دەکرێت

2020.09.27 - 13:27
زانیارى نوێ لەسەر نامەکەى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بۆ بارزانى لەکاتی ڕیفراندۆم ئاشکرا دەکرێت

ناس کورد- 

محەمەدی حاجی مەحمود، ئەندامی شاندى باڵاى ڕیفراندۆمی هەرێمى کوردستان لەساڵی 2017، بۆ یەکەمجار چەند زانیارییەکى نوێ لەسەر نامەکەى وەزیرى دەرەوەى ئەوکاتى ئەمریکا بۆ هەرێمى کوردستان ئاشکرا دەکات و باس لەدڵخۆشییەکی خۆشی دەکات لەوکاتەدا.

 

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیاى فەرمیى پارتى، محەمەدی حاجى مەحمود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند، سێ ساڵ پیش ئێستا و ئەوکاتەی شاندى باڵاى ڕیفراندۆم کۆبوونەتەوە بۆ دیاریکردنى ڕۆژى ئەنجامدانى ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆى کوردستان و ڕۆژى 25ى ئەیلولیان هەڵبژاردووە، ئەو ڕۆژە زۆر دڵخۆشى کردووە و بیرى ناچێتەوە.



سکرتێرى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان بۆ یەکەمجار زانیاریى نوێ لەسەر نامەکەى وەزیرى پێشووى دەرەوەى ئەمریکا کە پیش ئەنجامدانى ڕیفراندۆم بۆ بارزانى ڕەوانەکرد ئاشكرادەکات و دەڵێت: "ئەو نامەیە کڵێشەى فەرمى و واژووى لەسەر نەبووە و نامەى فەرمى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا نەبوو، بەڵکو هەر دەست نووسبوو."

 

باسى لەوەش کردووە، شاندى باڵاى ڕیفراندۆم قسەیان لەسەر نامەکەى وەزیرى دەرەوەى ئەوکاتى ئەمریکا کردووە و تەنها دوو کەس پێی باشبووە وەڵامى بدرێتەوە، بەڵام زۆربەى ڕەتیکردووەتەوە کە وەڵامى بدرێتەوە و ڕەچاوى نامەکەى بکرێت.

 

محەمەدى حاجى مەحمود دەشڵێت: "ڕیفراندۆم دواکەوت گەر ساڵى 2014 بکرایە ئەوا دەستکەوتى زۆرتر دەبوو."

 

لەبارەى قسە باوەکەیەوە کە پێیوایە ڕیفراندۆم تاپۆى ڕەشە، سکرتێرى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان جەختى لەسەر ئەوە کردووەتەوە، جارێکى دیکە ڕیفراندۆم ناکرێتەوە، بەڵکو کارتێکى زیندووە و دەتوانن  بەکاریبهێننەوە و تەنها ڕیفراندۆمێکى دیکە کە ئەنجامەکەى "نەخێر" بێت ئەو ڕیفراندۆمە هەڵدەوەشێتەوە.