گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق قەرزی 40 ملیۆن دیناری دەداتە فەرمانبەرانی بۆ مەبەستێک

2020.09.27 - 12:45
عێراق قەرزی 40 ملیۆن دیناری دەداتە فەرمانبەرانی بۆ مەبەستێک

ناس کورد-

بانکی ڕەشیدی سەر بە حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، فەرمانبەرانی حکومەت دەتوانن بەبری 40 ملیۆن دینار قەرز لە بانکەکە وەربگرن بەمەبەستی کڕین یان دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، جەختیشکردەوە کە قەرزەکە لەکاتی گەڕاندنەوەیدا لە موچەی بنەڕەتی فەرمانبەرەکە دەبڕدرێت، بەجۆرێک نابێت لە 50%ی موچەکەی تێپەڕبکات.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ی ئەیلولی 2020، نوسینگەی ڕاگەیاندنی بانکی ڕەشیدی سەر بە حکومەتی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردوە کە تێیدا هاتووە، "فەرمانبەرانی حکومەت دەتوانن بەبڕی 40 ملیۆن دینارقەرز لە بانکی ڕەشید وەربگرن، ئەوەش بە مەبەستی کڕین یاخود دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون".

 

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی بانکی ڕەشید، "دوای خەملاندنی بەهای یەکەی نیشتەجێبوونەکە لەلایەن لێژنەیەکی تایبەتەوە، بانکەکە بەڕێژەی لە 50%ی بەهای خەملێندراوە ئەویەکەیە، قەرز بە فەرمانبەرەکە دەدات".

 

بانکی ڕەشید ئەوەشی خستووەتەڕوو، "قەرزەکە بەشێوەی درێژخایەن لە فەرمانبەرەکە وەردەگیرێتەوە، بەجۆرێک نابێت بڕی مانگەی ئەو قەرزەی کە دەگەڕێنێتەوە لەگەڵ ڕێژەی سووەکەی لە 50%ی موچەی بنەڕەتی ئەو فەرمانبەرە تێپەڕبکات".

 

جەختلەوەکراوەتەوە، "پێدانی قەرز تەنها ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە لەسەر میلاکی بەردەوامی فەرمانگەکانی حکومەتن، ئەو فەرمانبەرانەشی کەداوای وەرگرتنی قەرز دەکەن لە بانکی ڕەشید، نابێت خزمەتیان لە فەرمانگەکانی خۆیان لە دووساڵ کەمتر بێت".