گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تاران 15 هەزار گۆڕی ئامادەکراوی هەڵکەندووە و ترسێکی زۆری هەیە

2020.09.27 - 12:02
تاران 15 هەزار گۆڕی ئامادەکراوی هەڵکەندووە و ترسێکی زۆری هەیە

ناس کورد-

بەرپرسانی شاری تاران دۆخی شارەکە بە مەرسیدار ناودەبەن و ئەندامێکی ئەنجومەنی شارەوانیی شارەکەش ڕایگەیاند، 15 هەزار گۆڕی بەتاڵیان ئامادەکردووە بۆ توشبووانی کۆرۆنا، دەشڵێت، ئەگەر ئەوانەش پڕ ببنەوە پلانی دیکەیان هەیە و کێشەیان بۆ دروست نابێت.

 

زەهرا سەدر نوری، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی شاری تاران بە ڕۆژنامەی "ئێران ئینتەرناشناڵ"ی ڕایگەیاند: "15 هەزار گۆڕی ئامادەکراو ئامادەن بۆ ناشتنی توشبووانی کۆرۆنا لەئەگەری بەردەوام زیادبوونی ژمارەی مردوواند، ئەگەر ئەوانەش پڕببنەوە، هیچ کێشەیەکمان نابێت و پلانی دیکەمان هەیە."

 

لەگەڵ کاریگەرییەکانی کۆرۆنا لەسەر تاران و زۆرینەی ناوچەکانی ئێران کە یەکێکە لە زیاندمەندترین وڵاتانی ناوچەکە، قەیرانە داراییەکانیش بەهۆی سزاکانی واشنتن، ئەو وڵاتەی توشی داڕمانێکی گەورە کردووە.

 

زیاتر بخوێنەوە: شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنا لە ئێران ڕیکۆردی شکاند.. قوتابخانە و زانکۆکان داخران

 

ناهید خوداکەرەمی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی شارەوانی تاران دەڵێت، لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و تاوەکو ئێستا، 25 هەزار و 394 توشبوو گیانیانلەدەستداوە کە زیاتر لە 12 هەزاریان واتە نزیکەی نیوەیان لەتارانی پایتەخت بوون.

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "بارودۆخی کۆرۆنا لە تاران ئێستاش ترسناک و مەترسیدارە."

 

تاوەکو ئێستا کۆی گشتیی توشبووانی کۆرۆنا لە ئێران 443 هەزار کەسی تێپەڕاندووە و زیاتر لە 25 هەزار کەسیش گیانیانلەدەستداوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە ڕۆژنامەکان و ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە دەڵێن، ژمارەی قوربانییەکان زۆر زیاترە و حکومەتی تاران دەیشارێتەوە.