گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەیوەندی بە کتێبەکەی مەلا بەختیارەوە هەیە؟

بڕیارێکی وەزارەتی ڕۆشنبیری لەنێوان ’’ڕیکخستنەوە و گەڕانەوە بۆ سەردەمی بەعس’’

2020.09.27 - 11:38
بڕیارێکی وەزارەتی ڕۆشنبیری لەنێوان ’’ڕیکخستنەوە و گەڕانەوە بۆ سەردەمی بەعس’’

ناس کورد-

بڕیارێکی وەزارەتی ڕۆشنبیری لەبارەی پێدانی ژمارەی سپاردن بە کتێب، کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتووەتەوە و بەشێک پێیوانوایە، بۆ سانسۆر خستنەسەر ئازادی ڕادەربڕین و نوسینە، وەزارەتی ڕۆشنبیریش دەڵێت، مەبەست لە بڕیارەکەیان ڕێکخستنەوەیە و بۆ نەهێشتنی تەشهیر و ناوزڕاندنە، دەشڵێت، بڕیارەکە هیچ پەیوەندی بە کتێبەکەی مەلا بەختیارەوە نییە.

 

وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێم ڕۆژی پێنجشەممە، 24ی ئەیلولی 2020، بڕیارێکی دەرکردووە و تیایدا هاتووە: "پاڵپشت بەڕێنمایی ژمارە (6)ی ساڵی 1999ی وەزارەتمان کە تایبەتە بە پێدانی ژمارەی سپاردن بۆ چاپکردنی کتێب، بێگومان پێدانی ژمارەی سپاردن ئەرکێکی گەورە و لێپرسراوێتی ڕۆشنبیری و ئەخلاقییە، بۆیە لەدوای دەرچوونی ئەم فەرمانە بەشێوەیەکی مەرکەزی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کتێبخانە گشتییەکانەوە دەدرێت."

 me_ga.php?id=1062

ئاماژەی بەوەشکردووە: "پێویستە ئەو ئەرکە زۆر بە گرنگی و بایەخپێدانەوە جێبەجێبکرێت و ڕەچاوی بەرژەوەندی باڵای  نیشتیمانی و نەتەوەیی و پاراستنی بەها پیرۆزەکان بکرێت و پارستنی کۆمەڵایەتی و شیرازی کۆمەڵگە تێکنەدات، بۆیە بڕیارماندا پێش پێدانی ژمارەی سپاردن لەلایەن لیژنەیەکی شارەزای ئەو بوارەوە لەبەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ناوبراو پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ کتێبەکان بکرێت و دواتر ژمارەی سپاردنی پێبدرێت."

 

کامیل عومەر، مامۆستا لە بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک ڕەخنەی لەبڕیارەکە گرتووە و نوسیویەتی: "ئەو بڕیارە گێڕانەوەی ئەو سانسۆرە پێشوەختەیە کە لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا هەبوو."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: " ئەو فەرمانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری کە بە پاساوی ( بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتیمانی و پاراستنی بەها پیرۆزەکان)، هەمان ئەو پاساوەیە کە {ژێمی بەعس دەیکردە پاساویی ئەو یاساو  بڕیارانەی کە ئازادی ڕادەربڕییان دەمکوت و سەرکوت دەکرد."

 

ئەو مامۆستایە پێیوایە، دەسەواژەکانی (بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی، پاراستنی بەها پیرۆزەکان)، دەستەواژەی لاستیکین و دەکرێت زۆر دەربڕین و بۆچوون هەیە بخرێتە نێو ئەو چوارچێوەیەوە دەسەڵاتداران چۆنیان بوێت بەو شێوەیە بیکشێنن و ڕێگری لە بڵاوکرنەوەو چاپکردن پێبکەن.

 

لە بەرامبەردا، وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێم ڕەتیدەکاتەوە، مەبەست لەبڕیارەکە سانسۆر دانان و ڕێگریکردن بێت لە بڵاوکردنەوە.

 

نامیق هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێم بەناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەو بڕیارە بۆ ڕێکخستنەوەی هەندێک شێواوییە کە دروست بووە، ڕێگری دەکات لەبیری توندڕەوی، جنێودان بەخەڵک، دەستبردن بۆ بەها پیرۆزەکانی کۆمەڵگە، نازانم بۆ دەبێت ناوبنرێت سانسۆر دانان."

 

وتیشی: "هەرێمی کوردستان کراوەترین شوێنە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ نوسین و بڵاوکردنەوەی کتێب، بەڵام پێویستە یاسا هەبێت کە تەشهیر تەشهیرە و ڕاستیش ڕاستییە و جیابکرێنەوە."

 

سەبارەت بەوەی کە بڕیارەکە لاستیکی بێت و بکشێندرێت، وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری باسی لەوەکرد: "ئێمە یاسامان هەیە کە پێناسەی تەشهیری کردووە، پێناسی ناوزڕاندنی کردووە، ئەگەر لەچوارچێوەی ئەو یاسایەندا دەرنەچێت، ئەوا ناتوانرێت هیچ شتێکی بەرامبەر بکرێت."

 

نامیق هەورامی ئاماژەی بەوەشكرد: "زۆرجار هەندێک نوسەر گلەییان دەکرد کە ژمارەی سپاردن نەدراوە بە کتێبەکەیان، بەڵام دراوە بە کەسێکیتر، بۆیە دروستکردنی ئەو لیژنەیە بۆ ئەوە زۆر گرنگ بوو کە چیتر ژمارەی سپاردن لە کتێبخانە گشتییەکان دەدرێت و ئەو کێشەیەش نامێنێت."

 

بڕیارەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری لەکاتێکدایە، لەماوەی ڕابردوودا بڵاوکردنەوەی کتێبی "لەبری بیرەوەری" لەلایەن مەلا بەختیارەوە، کاردانەوەیەکی گەورەی دروستکرد و شەڕێکی گەورەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکرد.

 

وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕوونیکردەوە، بڕیارەکەیان هیچ پەیوەندییەکی بەکتێبی هیچ کەسێکەوە نییە و ئەو رێنماییە لەساڵی 1999وە هەیە و ئێستا کاری پێدەکرێتەوە.

 

هاوکات هەر لەوبارەیەوە، بڕیارە لەم هەفتەیەدا لەکۆبوونەوەی لیژنەی ڕۆشنبیری پەرلەمانی کوردستاندا ئەو بابەتە باسبکرێت و داوای ڕونکردنەوە بکەن لەوبارەیەوە.

 

مەم بورهان قانع، ئەندامی لیژنەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی کوردستان بەناس کوردی ڕاگەیاند: "لەم هەفتەیەدا لە کۆبوونەوەی لیژنەکەماندا ئەو بابەتە دەوروژێنین و دەبێت بزانین پاڵپشت بەچ ڕێنماییەک بڕیارەکە دەرکراوە و ڕونکردنەوەشمان بدەنێ کە بۆ ڕێکخستنە یاخود بۆ سانسۆرە."

 

ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەگەر بۆ سانسۆرکردن بێت لەسەر ئازادیی ڕەخنەگرتن ئەوا قبوڵکراو نییە، بەڵام ئەگەر بۆ ڕێکخستن بێت و  ڕێگریکردن بێت لەتەشهیر و جوێندان و قسەی نابەجێ، ئەوە شتێکیترە، بەڵام نابێت لەژێر هیچ یاسا و بڕیارێکدا سانسۆر بخرێتەسەر ئازادیی ڕەخنەگرتن."