گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنا لە ئێران ڕیکۆردی شکاند.. قوتابخانە و زانکۆکان داخران

2020.09.27 - 10:59
شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنا لە ئێران ڕیکۆردی شکاند.. قوتابخانە و زانکۆکان داخران

ناس کورد-

جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران لەبارەى توندبوونەوەى شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنا لە ئێران هۆشداریی دا و ڕایگەیاند، ژمارەى توشبووان و خەوێندراوەکان "زۆر زیاتر لە شەپۆلی یەکەم و دووەم تۆمار کراون." 

 

ئیرەج حەریرچی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەى وت، "ژمارەی گیانلەدەستدان لە هەندێک لە پارێزگاکان زۆر زیاترە لە ئامارەکانی پێشوو، بە پێی ئاماری هەفتەی ڕابردوو، تێکڕای هەر حەوت خولەک یەک کەس بە هۆی کۆرۆنا گیانی لەدەست دەدات."

 

حەریرچی باسی لەوەشکرد، "بە بڕیاری بەرپرسانی پارێزگایی، داخرانی یەک هەفتەیی قوتابخانە و زانکۆکان درێژ دەکرێتەوە، سەبارەت بە داخرانی شوێنگەلێک وەک یاریگاکان، تەلار و بەڕێوەچوونی هەر جۆرە ڕێوڕەسمێکیش بەرپرسانی پارێزگا، سەربەخۆ بڕیار دەدەن."

 

هاوکات وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاماری قوربانیانی کۆرۆنای لەو وڵاتە ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، لە 24ی کاتژمێری ڕابردوودا 172 کەس گیانیانلەدەستداوە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە.

 

سیما سادات لاری، وتەبێژی وەزارەتەکە ڕایگەیاند: لە شەو وڕۆژی ڕابردووەوە 172 کەس بە هۆی کۆرۆنا لە ئێران گیانیان لە دەستداوە و بەمەش ژمارەی قوربانیانی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتووەتە 25 هەزار و 394 کەس.

 

ڕاشیگەیاند، سێ هەزار و 204 کەسی دیکەش لە ئێران تووشی کۆرۆنا بوون، ئێستا 443 هەزار و 86 کەس تووشبووی کۆرۆنا لە ئێران تۆمار کراوە.

 

لەو ژمارەیە، تا ئێستا 372 هەزار و 51 نەخۆشی توشبوو نەخۆشییەکەیان پەڕاندووە و چاک بوونەتەوە.