گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کێ بەرپرسیارە؟

دارایی پەرلەمان لەبارەى دواکەوتنی موچە: هەموو شتێکیش ئامادەیە

2020.09.27 - 09:30
دارایی پەرلەمان لەبارەى دواکەوتنی موچە: هەموو شتێکیش ئامادەیە

ناس کورد-

لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق وەزارەتی دارایی بە بەرپرسیار دەزانێت لە دواکەوتنی خەرجکردنی موچەى فەرمانبەرانی عێراق و دەڵێت، پێویست بوو وەزارەتەکە هۆکار دواکەوتنەکەى ئاشکرا بکات، بە تایبەت کە یاسای قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی کە حوزەیرانی ئەمساڵ پەرلەمان پەسەندی کرد یارمەتی وەزارەتەکە دەدات بۆ دابینکردنی پارە بۆ موچە.

 

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی فراکسیۆنى پارتی بە ڕۆژنامەى سەباحی نیمچە فەرمی وتووە، "دوای لێکۆڵینەوە و پشکنین لە هۆکاری دواکەوتنی موچە، بۆمان دەرکەوت کە هیچ کێشەیەکی هونەری یاخود تەکنیکی لە سیستمی بانکی ناوەندیدا نییە، "زانیاریمان هەیە کە بانکی ناوەندی جەختی لە ئامادەیی خۆی کردووەتەوە بۆ پێدانی پارە ئەگەر هاتوو وەزارەتی دارایی ئاماژە بدات."

 

ئەحمەد سەفار گلەیی هەیە لە ئاستی هەماهەنگی وەزارەتی دارایی لەگەڵ لیژنەکەیان و دەڵێت، موچەی فەرمانبەران پێویستی بە شەش ترلیۆن و 200 ملیار دینار هەیە، داهاتی نەوتی و نانەوتیش نزیکەى چوار ملیار بووە، واتە دوو ترلیۆن کورتهێنانی هەیە.

 

سەفار باسی لەوەشکرد کە پەرلەمان ڕەزامەندبووە لەسەر قەرزکردنی 15 ترلیۆن دینار بۆ ئەوەى دابەشبکرێت بەسەر هەشت مانگدا تاوەکو کورتهێنانی موچەى پێ پڕبکرێتەوە.

 

سەفار سەرسوڕمانی خۆی دەرخستووە لەبارەى نەبوونی هیچ ڕونکردنەوە و لێدوانێک لە وەزارەتی داراییەوە لەبارەى هۆکاری دواکەوتنی موچە.

 

هاوکات دوێنێ بانكى ناوەندیى عێڕاقى جەختیکردەوە كە ئامادەيە بۆ وەرگرتنى فەرمانی خەرجكردنى موچەى مانگى ئەيلولى فەرمانبەران و خانەنشينان لەو پارەيەى لە هەژماری وەزارەتى داراييدايە.  

 

بانكى ناوەندى لە بڵاوكراوەيەكدا ڕايگەياندووە: "تەئكيد دەكەینەوە كە ئامادەيى تەواومان هەیە بۆ وەرگرتنى ئاماژە بۆ خەرجكردنى موچەى مانگى ئەيلولى فەرمانبەران و خانەنشينان."   

 

ڕونيشيكردووەتەوە، ئەوەش لەو پارەيەى كە لە هەژماری وەزارەتى داراييدا هەيە لە بانكى ناوەندى، لەئێستاشدا هيچ كێشەيەكى هونەريى و تەكنيكى نييە كە ڕێگربێت لەبەردەم ئەوەدا.  

 

موچەى مانگى ئەيلولى فەرمانبەران و خانەنشينانى عێراق دواكەوت و ئەوەش نيگەرانى لێكەوتووەتەوە، تەنانەت دەنگۆى لێپرسينەوە لە مستەفا كازمى، سەرۆكى وەزيران هاتووەتە ئاراوە بەهۆى دواكەوتنيەوە.  

 

دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانی عێراق کاریگەری لەسەر موچەی ئەم مانگەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش دروستکردووە، بەوپێیەی هەرکات حکومەتی ناوەندی دەستی بەدابەشکردنی موچە کرد ئەوکات 320 ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستانیش دەنێرێت.   

 

بڵاوبوونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا و دابەزينى بەرچاوى نرخى نەوت كێشەى گەورەى بۆ حكومەتى عێراق دروستكرد، بەتايبەتى لە دابينكردنى موچەدا و بۆ پڕكردنەوەى ئەوەش پەناى بۆ قەرزى ناوخۆيى و دەرەكى بردووە.