گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

هەڵەبجە: بەهۆی لێپێچینەوە لە دادوەرێك مەفرەزەیەكی هاتووچۆ دەستگیردەكرێن

2019.04.30 - 12:15
App store icon Play store icon Play store icon
هەڵەبجە: بەهۆی لێپێچینەوە لە دادوەرێك مەفرەزەیەكی هاتووچۆ دەستگیردەكرێن

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد- شەهرام عەزیز بەهۆی لێپێچینەوە لە دادوەرێك لەلایەن مەفرەزەیەكی هاتووچۆوە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە، دادوەرەكە سكاڵا لەسەر ئەندامانی مەفرەزەكە تۆمار دەكات و ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردوو سەرجەمیان دەستگیركران. سەڵاح عەلی، وتەبێژی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە، تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند"ئێمە زۆر كات مەفرەزەمان هەیە لێكۆڵینەوە لەگەڵ شۆفێرانی سەرپێچیكار دەكەن و نزیكەی ساڵێك لەمەوبەر دادوەرێك كەوتووەتە ناو مەفرەزەیەكەوە و لێپێچینەوەی لەگەڵ كراوە و دواتر دادوەرەكە سكاڵای لەسەر سەرجەم ئەندامانی مەفرەزەكە تۆماركردووە". وتەبێژی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشكرد، دادوەرەكە خەڵكی هەڵەبجەیە و ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی پێ بووە و جلی ئاسایی لەبەردا بووە و مەفرەزەكە نەیانزانیوە دادوەرە، بۆیە وەك هەر كەسێكی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ كردووە. بەوتەی سەڵاح عەلی، لە ماوەی ئەو ساڵەدا زۆر هەوڵیانداوە دادوەرەكە لە سكاڵاكەی پەشیمان بكەنەوە بەڵام رەتیكردۆتەوە و سوور بووە لەسەر داواكەی و سەرئەنجام ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردوو سەرجەم ئەندامانی ئەو مەفرەزەیە دەستگیركراوون كە پێنج كەس بوون و دواتر چوار كەسیان بە كەفالەت ئازاد كراون و یەكێكیان تا ئێستاش دەستبەسەرە. بەپێی یاسا هیچ كەسێك لە یاساكانی هاتووچۆ بەدەرنییە و هەموو شۆفێرێك لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت و تەنها یەك یاسا هەیە كە بەرپرسە باڵاكان لە شۆفێری ئاسایی جیا دەكاتەوە و بۆ لێپرسینەوە لەگەڵیاندا ئەركەكە دراوەتە ئەفسەری هاتوچۆ. لیوا ڕزگار عەلی، بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی هەرێم بۆ ناس كورد-ی روونكردەوە"هچ یاسایەك نییە بەرپرسێك ئەگەر دادوەریش بێت، جیا بكاتەوە لە كەسی ئاسایی و هەر بەرپرسێك كە شۆفێری دەكات، دەكرێت لێپێچینەوەشی لەگەڵدا بكرێت". بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی هەرێم ئاماژەی بەوەكرد، تەنها یەك مادە هەیە كە بەرپرسانی باڵا جیادەكاتەوە لە شۆفێری ئاسایی، ئەویش ئەوەیە ئەو كارمەندەی داوای مۆڵەتی شۆفێری یاخود ساڵانە یاخود هەرشتێكی دیكە لە بەرپرسێك دەكات پێویستە ئەفسەر بێت، كە لیوا رزگار ئەو یاسایەی بە "یاسایەكی خراپ" لەقەڵەمدا و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە لە هەوڵدان بۆ لادانی ئەو یاسایە. هەر بەهۆی دەستگیركردنی ئەو كارماندانەی هاتووچۆ و ئازادنەكردنی یەكێكیان، ئەمڕۆ (سێشەممە) كارمەندانی هاتووچۆی خورماڵ مانگرتنیان ڕاگەیاندووە و داوای ئازادكردنی هاوڕێكەیان دەكەن.