ناس کورد-
پۆليسى سلێمانى تەئكيد دەكاتەوە، هەڵمەتى دەستگيركردنى ئەوانەى بەناوى سواڵكردن و شت فرۆشتنەوە لە ترافيكەكان و سەر جادەكان كارى لەشفرۆشى دەكەن بەردەوامە و ئەوانەشى دەستگيركراون دراون بە دادگا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەماوەى ڕابردوودا هێزە ئەمنيیەكانى شارى سلێمانى هەڵمەتێكيان بۆ دەستگيركردنى ئەو کەسانەی لە سەر جادە و ترافيكەكاندا بەناوى سواڵكردن و شت فرۆشتنەوە لەشفرۆشى دەكەن دەستپێكرد و دەيانيان لێ دەستگير كرا.
لە بارەى هەڵمەتەكەوە، سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژى پۆليسى پارێزگاى سلێمانى بە "ناس كورد"ى ڕاگەياند: "هەڵمەتەكە بەردەوامە و لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئەو كاتەى كەرەنتين و قەدەغەى هاتوچۆ ڕاگەيەنرا 80 ژن و پياومان دەستگير كردبوو."
وتيشى: "لەماوەى رابردودا كەرەنتين و قەدەغەى هاتووچۆ بووە و بەهۆى ئەوەشەوە ئەو كارەش نەما، بەڵام هەڵمەتەكە بەردەوامە و ئەو ژمارەيەش زيادى كردووە، شەو و ڕۆژيش هێزەكانمان چاودێڕى دەكەن و لەهەر شوێنێك ببينرێن دەستگير دەكرێن."
سەبارەت بە چارەنوسى ئەو كەسانەى دەستگير كراون سەركەوت ئەحمەد وتى، ئەوانە دراون بە دادگا و ئەوانەى جارێكى تر دەستگيرگيراون زانياريەكانيان دراوەتە دادگا و دادگاى زيندانيان دەكات، ئەوانەشى يەكەمجاريانە بە سپاردە ئازاد دەكرێن و مەلەفيان دەچێتە دادگا و ڕێوشوێنەكان لەگەڵياندا بەردەوام دەبێت.