گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شەڕەقۆچی ئەمریکا و ئێران لە عێراق دەتەقێتەوە؟

داخستنی باڵیۆزخانە و هێرشی ئاسمانی ئەگەرەكانی ’’شەڕی ئۆكتۆبەرن’’ لە عێراق

2020.09.26 - 11:49
داخستنی باڵیۆزخانە و هێرشی ئاسمانی ئەگەرەكانی ’’شەڕی ئۆكتۆبەرن’’ لە عێراق

ناس کورد-

ڕۆژنامەنوسێکی دیاری ئەمریکی ڕایگەیاند، عێراق ئەو جێگایە دەبێت کە لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەریەككەوتنی ئەمەریكا و ئێرانی تێدا ڕوودەدات، ئەوەشی بە "سوپرایزی ئۆكتۆبەر" ناوبردووە کە بەر لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریکا ڕوودەدات.

 

دیڤید ئەگناتیۆس، نوسەری ئەمەریكی شارەزا لە كاروباری دەرەوە لە میانەی وتارێكدا لە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست كە ئەمڕۆ شەممە، 26ی ئەیلولی 2020، بڵاویکردووەتەوە و ناس كورد دیویەتی ئەوە دەخاتەڕوو كە "داخستنى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە عێراق دەکرێت ببێتە هۆى هێرشى ئاسمانى فڕۆکەکانى ئەمریکا بۆ سەر میلیشیا چەکدارەکان کە ئێران پاڵپشتیان دەکات."

 

ئەوەتا مایک پۆمپیۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا ئەم هەفتەیە هۆشدارى ئەوەی داوەتە عێراق کە وڵاتەکەى باڵیۆزخانەکەى لە بەغدا دادەخات گەر بێتو حکومەت هەوڵى ڕاگرتنى ئەو هێرشانە نەدات کە لەلایەن تارانەوە دەکرێنە سەر بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا.

 

ئەگناتیۆس لە نوسینەکەیدا ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، ئێران بەئاگایە لە کارە بێزارکەر ڕاستەوخۆکانى ترەمپ بەڵام وتەکانى پۆمپیۆ ئەگەرى بەریەککەوتنەکانی بە کراوەیى هێشتووەتەوە.

 

دەشڵێت، ئەگەر شەڕی بەردەوام لە عێراق لە هەموو ڕوویەکەوە کراوەیە، ئەگەر بێتو هێرشی میلشیاکانی نزیک لە ئێران یەک یان دوو ئەمریکی بکوژن، ئەوە بە دڵنیاییەوە ئیدارەى ترەمپ هێرشی پێچەوانە دەستپێدەکات.

 

وە هەروەها، ئەگەر کازمی هێرش بکاتە سەر میلیشیا چەکدارە شیعەکان وە ئەوەى پۆمپیۆ داوای دەکات، ئەوا ئێرانیش بەتوندى وەڵامدەداتەوە و ئەگەرى ڕووخانى کابینەکەى کازمیش دێتە ئاراوە.

 

زیاتر بخوێنەوە: رۆژنامەیەكی لەندەنی باس لە هەوڵێكی كودەتا دژی كازمی دەكات 

 

بەرپرسێکى گەورە لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە "مەترسییەکى ئاشکرا لەسەر ژیانى هاوڵاتیانى ئەمریکا هەیە گەر بێتو ئەو هێرشانە بەردەوام بن، هەروەها لەو باوەڕەشدان کە "کازمی بژاردە ڕاستەکە جێبەجێ بکات و دەبێت کارى زیاتر و پەلەتر بکات".

 

لەچەند هەفتەى دوایشیدا سەربارى بەڵێنەکانى کازمی بە هێرشکردنە سەریان بەڵام کارى توندوتیژى لەلایەن میلیشیاکانەوە بەردەوامە.

 

زیاتر بخوێنەوە: ’’هەڕەشەیەکى ئەمەریکا’’ هێرشە موشەکییەکانى لە عێراق ڕاگرتووە

 

هاوکات بەپێى ڕاپۆرتێکى جویل وێنج، شیکارى سیاسى عێراقى، 25 هێرش کراوەتە سەر کاروانى سەربازى ئەمریکا و هاوپەیمانى نێودەوڵەتى ، سەربارى هێرشەکان بۆ سەر ناوچەى سەوز کە باڵیۆزخانەى ئەمریکاش دەکەوێتەوە ئەو ناوچەیەوە، هەرەوەها ئەو هێرشانەى کە فڕۆکەخانەى بەغدا دەکەنە ئامانج.

 

بەپێى ماڵپەڕى عێراقى 24، مایک پۆمپیۆ لە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ بەرهەم ساڵحى سەرۆککۆمار هۆشدارى ئەوەیداوەتە کە بڕیارى داخستنى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لەدەستى ترەمپدایە و ئامادەشکراوە، گەر هێزەکانیان بکشێننە و باڵیۆزخانەکەیان بەو شێوەیە دابخەن ئەوا دەستدەکەن بەحساب و کتاب لەگەڵ ئەوانەدا کە تێوەگلانیان لەو هێرشانەدا سەلماوە.

 

پۆمپیۆ دوو میلیشیاى بە ئەنجامدەری هێرشەکانی دەستنیشانکردووە کە لەلایەن تارانەوە پاڵپشتى دەکرێن ئەوانیش کەتیبەکانى حزبوڵاى عێراقى و عەسائیبى ئەهلى حەقە.