گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی هەڵدانەوەى گۆڕى عەتا چاوشین

2020.09.26 - 10:49
App store icon Play store icon Play store icon
وردەکاریی هەڵدانەوەى گۆڕى عەتا چاوشین

ناس کورد-

بەشێک لە کەسوکارى مردووانى کۆرۆنا لە سلێمانى دەستیانکردووە بە پێشکەشکردنى داوا بۆ ئەوەى تەرمى کەسوکاریان هەڵبدەنەوە و خۆیان بیاننێژن، تا ئێستاش لەسلێمانى تەرمى دوو کەس هەڵدراوەتەوە کە یەکێکیان عەتا چاوشینى هونەرمەندى کۆچکردووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەدواى بڵاوبونەوەى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان لە مانگەکانى سەرەتاى ئەمساڵدا، وەزارەتى تەندروستى لیژنەیەکى هاوبەشى لەگەڵ شارەوانى و ئاسایش و ئەوقاف پێکهێنا بۆ ناشتنى ئەو کەسانەى بەو ڤایرۆسە گیانلەدەستدەدەن، لە سلێمانی گۆڕستانی نوێی شارەکە بۆ ئەوە تەرخان کرا.

 

لیژنەکە بە ڕێکارى خۆپارێزى و لەژێر ڕێوشوێنى ئەمنى توندا، ئەو کەسانەیان بە خاکدەسپارد و رێگەیان بە کەسوکارى نەدەدا لەکاتى پڕۆسەى ناشتندا بچنە شوێنەکە، بەڵام نزیکەى مانگێکە لیژنەکە هەڵوەشێنراوەتەوە.

 

سەرچاوەیەکى بەرپرس لە تەندروستى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "هەڵوەشاندنەوەى لیژنەکە لەسەر بڕیارێکى وەزارەتى تەندروستى عێراق بووە، لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم لیژنە پەیوەندیدارەکان هەڵوەشێنراونەتەوە".

 

سەرچاوەکە وتیشى، "کەسوکارى مردووان ئازادن لەکوێ تەرمەکانیان بەخاک دەسپێرن، بەڵام پێیان دەوترێت کە پێویستە بەپێی رێکارى تەندروستى و خۆپارێزى بێت، قەرەباڵغى نەکەن و پرسەشیان بۆ دانەنێن".

 

لەدواى هەڵوەشاندنەوەى لیژنەکەوە، تەرمى ئەو کەسانەى بە کۆرۆنا دەمرن رادەستى کەسوکاریان دەکرێنەوە و رێنمایی دەکرێن کە چۆن بەخاکیان بسپێرن. بەشێک لە کەسوکارى ئەوانەى پێشتر مردوون و لە گۆڕستانەکانى تایبەت بە کۆرۆنا نێژراون داواى هەڵدانەوە و گواستنەوەى تەرمى کەسوکاریان دەکەن.

 

سەرچاوەکە وتى، "وەرگرتنى ڕەزامەندى لەو بارەیەوە پێویستى بە رەزامەندى تەندروستى، ئاسایش و شارەوانى هەیە، دەمانەوێت کۆبوونەوەیەک بکەین و بڕیارێک بدەین لەو بارەیەوە، بەڵام هێشتا وادەکەى دیارینەکراوە".

 

لە گۆڕستانەکانى تایبەت بە ناشتنى مردووانى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان بەسەدان مردوو بە خاک سپێردراون، لە ئێستاشدا کەسوکارى بەشێک لەو مردووانە دەستیانکردووە بە رێوشوێنە یاساییەکان بۆ هەڵدانەوەى گۆڕەکان.

 

سەردەشت ڕەفیق، وتەبێژى شارەوانى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "تائێستا لە سلێمانى تەرمى دوو کەس هەڵدراوەتەوە، کە یەکێکیان عەتا چاوشینى هونەرمەند بووە، ئەوەش لەسەر داواى فەرمى کەسوکارى کە پێشکەشى لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە و رەزامەندى لەسەر دراوە".

 

عەتا چاوشین لە 22ى حەزەیرانى ئەمساڵد دواى توشبوونى بە کۆرۆنا گیانى لەدەستدا و لە گۆرستانى نوێی سلێمانى کە تایبەتە بە ناشتنى توشبووانى کۆرۆنا بەخاکسپێردرا، لەئێستاشدا تەرمەکەى براوەتەوە قەرەداغ.

 

زیاتر بخوێنەوە: هونەرمەند عەتا چاوشین لەدواى توشبوونى بە کۆرۆنا گیانى لەدەستدا

 

سەرچاوەکەى تەندروستى سلێمانى باسى لەوەکرد، ماوەى دوو مانگە کەسوکارى عەتا چاوشین داواى رەزامەندیان کردووە، بەڵام ئاگادار نییە کە رەزامەندى درابێت و گۆڕەکە هەڵدرابێتەوە.

 

بەڵام سەردەشت رەفیق وتى، "تەرمى عەتا چاوشین و کەسێکى تر لەم مانگەدا هەڵدراونەتەوە و لەلایەن کەسوکارییانەوە براونەتە شوێنى دیکە و بەخاک سپێردراون".

 

وتیشى، "تەنها رەزامەندى بۆ هەڵدانەوەى تەرمى ئەو دوو کەسە دراوە، بڕواناکەم رەزامەندى زیاتر بدرێت و رێوشوێنەکان قورسکراون".