گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

رۆژنامەیەكی لەندەنی باس لە هەوڵێكی كودەتا دژی كازمی دەكات 

2020.09.26 - 09:08
رۆژنامەیەكی لەندەنی باس لە هەوڵێكی كودەتا دژی كازمی دەكات 

ناس کورد-

 

رۆژنامەی ئەلعەرەبی چاپی لەندەن لەزاری چەند سەرچاوەیەكی هەواڵگرییەوە بڵاویكردووەتەوە كە هادی عامری و نوری مالیكی لەناو سوپا و هۆزەكاندا سەرقاڵی "رێكخستنی كودەتان" لە دژی مستەفا كازمی.

 

 

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەکە كە ئەمڕۆ 26 ئەیلولی 2020 بڵاوكراوەتەوە، لە زاری چەند سەرچاوەیەكی هەواڵگرییەوە ئەوە خراوەتەڕوو، هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر لەناو هۆزەكانی باشوری عێراق و لە ریزی ئەفسەرانی دەزگا ئەمنییەكان كەوتووەتە جموجوڵ بۆ هەڵوێستەكردن لە ئەگەری "رێكخستنی كودەتایەك" دژی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، لەهەم هەنگاوەشدا پاڵپشتی تەواوی هەیە لەلایەن نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا. 

 

بەپێی رۆژنامەکە، عامرى و مالیکى دەترسن هەڵبژاردنى پێشوەختە کە لەلایەن مستەفا کازمییەوە وادەى شەشى حوزەیرانى ساڵى داهاتوو بۆ ئەنجامدانى دیاریکراوە، ببێتە هۆى داکشانى دەنگەکانیان لەشەقامى شیعى، بەو پێیەى شەقام ئامادەیە بۆ پشتیوانى سەرۆکى حکومەت، لە هەڵبژاردنى داهاتوودا.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، بژاردەى کێشانەوەى متمانە لە حکومەت لە ئارادایە لە رێگەى پەرلەمانەوە، بەڵام تیپەڕاندنى "مەحاڵە"، بەلەبەرچاوگرتنى پشتیوانى گەورەى کازمى لەلایەن هێزە سیاسییە سوننى و کوردییەکانەوە، ئەوەش هێزە شیعییەکانى خستووەتە کێشەیەکى گەورەوە و خۆیان وادەبیننەوە کە ناتوانن کۆنتڕۆڵى پۆستى سەرۆکوەزیران بکەن، کە لەسەر پشکى ئەوان حسابە.

 

مستەفا کازمى چووەتە کێبڕکێیەکى یەکلاکەرەوەوە بۆ گرەنتى سەرکەوتنى بڕیارە ئەمنییەکانى لە وڵاتدا و جێبەجێکردنى پلانەکەى بۆ گەڕاندنەوەى شکۆى دەوڵەت، دواى جموجۆڵەکانى گروپە چەکدارەکانى سەر بە ئێران و نوێنەرە سیاسییەکانیان لەبەغدا بۆ خستنى حکومەتەکەى کازمى کە گەیشتووەتە حاڵەتى تۆمەتبارکردنى کازمى بە "نۆکەریکردن بۆ ئەمریکا و تێکەڵبوونى لەگەڵ پڕۆژەى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل"، ئەوەش بەپێی رۆژنامەکە.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، کازمى فەرمانیکردووە بە داخستنى بارەگاکانى حەشدى شەعبى و ئاسایشى نیشتیمانى و نەزاهە و لێپرسینەوە و دادپەروەرى لە فڕۆکەخانەى بەغدا، کە بە گەورەترین "مۆڵکەى گەندەڵى و هەراسانکردنى حزبى" دادەنرێن، تەنها رێگەى بە وەزارەتى ناوخۆ و هەواڵگرى داوە سەرپەرشتى فڕۆکەخانە بکەن.