گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’ناکۆکى لەسەر کاتەکەى نیە’ 

ڕاوێژکارێکى کازمی مەرجى سەرپەرشتیکردنى هەڵبژاردنە پێشوەختەکەى عێراق ئاشکرا دەکات 

2020.09.25 - 23:34
ڕاوێژکارێکى کازمی مەرجى سەرپەرشتیکردنى هەڵبژاردنە پێشوەختەکەى عێراق ئاشکرا دەکات 

ناس كورد- 

ڕاوێژکارێکى سەرۆکوەزیرانى عێراق، جەخت لەسەر پرسى سەرپەرشتیارى نێودەوڵەتى بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە دەکاتەوە و ڕایگەیاند دەبێت بوونیان کارا بێت و مەرجى سەرەکیش لەو پرسەدا پاراستنى سەروەرى وڵات بێت.

 

عەبدولحوسێن هنداوى، ڕاوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق بەمیدیاکانى عێراقى راگەیاند، تاڕادەیەک خواستێکى بەرفراوان و ڕێککەوتنێک هەیە بۆ پێویستى بوونى سەرپەرشتیارى نێودەوڵەتى بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختەى داهاتوو.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، دەبێت پەیوەندى بەنەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت بۆ تاوتوێکردنى ئەو پرسە و مەرجى یەکەمیش ئەوە بێت ئەو سەرپەرشتیارى و چاودێرێکردنە کارا بێت لەو بوارەدا و تەنها بوونێکى نێودەوڵەتى ناکارا نەبێت، دووەمیش ئەوەیە سەروەرى عێراقى تیادا پارێزراوبێت وەکو مەرجى سەرەکى.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، میکانیزم و ئەزمونى جیاجیا هەیە کە دەرفەت دەڕەخسێنن بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنێک کەلایەنى  نێودەوڵەتى بەشێوەیەک بەشدارى تیادا بکات بۆ ئەوەى پاکى و شەفافیەتەکەى گەرەنتى بکات هەروەها ببێتە گەرەنتى ئەوەش بکرێت بەگوێرەى پێوەرە نێودەوڵەتیەکان هەڵبژاردنەکە بەڕێوە دەچێت.

 

بەرپرسە باڵاکەى عێراق ئەوەشى درکاندووە، ناکۆکى یاخود مشتومڕى جدى لەنێوان حکومەت و پەرلەمان لەسەر پرسى کاتى هەڵبژاردنەکە هەیە و هەروەها لایەنە سیاسیەکانیش بیروبۆچونی جیاوازییان هەیە لەو بارەیەوە بەڵام هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن کە هەڵبژاردنى پێشوەختە پێویستە لەکاتێکى نزیکدا یاخود ئەو کاتەى دیاریکراوە ئەنجام بدرێت.

 

هنداوى جەختیشى لەسەر ئەوە کردووەتەوە، بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنەکان پێویستیان بە دەستەبەرکردنى مەرجە سەرەکیەکان هەیە لەپێش هەموویانەوە یاساى هەڵبژاردنەکان و پەرلەمانیش هاریکارە لەو پرسەدا بۆیە داواى دانیشتنى تایبەتى کردووە بۆ ڕۆژى شەممە بەمەبەستى یەکلاکردنەوەى یاساکە.