گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

لیژنەی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان هیچ ئەندامێكی كوردی تێدا نییە

چەند كوردێك خۆیان بۆ پۆستی باڵوێزەكانی عێراق كاندید كردووە

2019.04.30 - 10:11
چەند كوردێك خۆیان بۆ پۆستی باڵوێزەكانی عێراق كاندید كردووە
ناس كورد–هەڤاڵ فەتاح حكومەتی عێراق لە رێگەی پێكهێنانی لیژنەیەكەوە وەرگرتنی پۆستی باڵیۆزەكانی عێراق لە وڵاتانی جیهان یەكلایی دەكاتەوە و لە لیژنەكەدا هیچ ئەندامێكی كورد بوونی نییە، ئەمە لە كاتێكدا چەند كوردێك خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵیۆزی كاندید كردووە.   شێركۆ میروەیس ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق تایبەت بەناس كورد-ی ڕاگەیاند "بەفەرمانی وەزیری دەرەوەی عێراق لیژنەیەك لە چەند شارەزایەك پێكهێنراوە بۆ ئەنجامدانی چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەو كەسانەی كەخۆیان كاندید كردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵیۆزەكان كە ژمارەیان 152 كەسە".   بەوتەی میروەیس، لیژنەكە كە هیچ ئەندامێكی كوردی تێدا نییە لە ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردووەوە دەستیان بە چاوپێكەوتن كردووە لەگەڵ كاندیدەكان كە ژمارەیەك لە كاندیدەكان كوردن و سیڤییان بۆ ئەو مەبەستە پێشكەش كردووە.   ئەندامە كوردەكەی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەكات ئەو مەرجانەی كە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ یەكلایكردنەوەی پۆستی باڵیۆزەكان دایناوە پێچەوانەی یاساكانی عێراقە و روونیكردەوە كە بەو هۆیەوە لە ناو پەرلەمانی عێراق و لە دەرەوەی پەرلەمانیش ناڕەزایەتی لەو بارەیەوە دروست بووە.   بە وتەی شێركۆ میروەیس، ئەو هەلومەرجانەی كە وەزیری دەرەوەی عێراق دایڕشتووە بۆ جیاكردنەوەی سیڤییەكان بەدەرە لە یاساكانی خزمەتكردنی شارستانی عێراقی و مەرجەكانی وەزارەتی دەرەوە رێگرە لەوەی كەسی خوار تەمەن 35ساڵ خۆی كاندید بكات بۆ ئەو پۆستە، لە هەمانكاتدا لە دایكبووی ساڵی1965 بۆی نییە خۆی كاندید بكات بۆ ئەو پۆستە.   رەتكردنەوەی لیستێكی 28 كەسی دیكەش لەلایەن وەزیری دەرەوەی عێراق كە بە فلتەری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق تێپەڕی بوو و رێكارە یاساییەكانی بڕی بوو بە كارێكی نایاسایی ناوبرد.   وتیشی "وەزیری دەرەوەی عێراق وداوای كردووە ئەو 28 كەسە سەرلەنوێ‌ سیڤی پێشكەش بە وەزارەتەكەی بكەنەوە".