گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حەلبوسى هەڵوێستى خۆى لەبارەى دەستپێشخەرییەکەى سەدڕ خستەڕوو

2020.09.25 - 21:44
حەلبوسى هەڵوێستى خۆى لەبارەى دەستپێشخەرییەکەى سەدڕ خستەڕوو

ناس کورد-

سەرۆکى پەرلەمانى عێراق پشتیوانى خۆى بۆ دەستپیشخەرییەکى موقتەدا سەدڕ، ڕێبەرى رەوتى سەدڕ بۆ چارەسەرکردنى پێشێلکارییە ئەمنیەکان دەربڕى و بە نەخشەڕێگایەکى واقیعى دانا و داواشى کرد حکومەت و پەرلەمان کارى لەسەر بکەن.

 

لەتوێتێکىدا کە لەهەژمارى خۆیدا لە تویتەر بڵاوى کردەوە، محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، ئەو دەستپێشخەرییەى کە موقتەدا سەدر تایبەت بەپێشیلکارییە ئەمنییەکان کە هەڕەشە لەشکۆى ئێستا و ئایندەى عێراق دەکات خستوویەتە ڕوو لەسەر ئەو هێرشانەى کە شاندە دیپلۆماتکارى و بارەگا فەرمییەکان ڕوبەڕووى دەبنەوە، بە نەخشە ڕیگایەکى واقعی دەزانین و پشتیوانى دەکەین.

 

حەلبوسى داواشى کرد، لەپێناو پاراستنى سەروەرى دامەزراوەکانى دەوڵەت و سەپاندنى یاسا و دورخستنەوەى وڵات لەمەترسیەکان ئەو دەستپێشکەرییە لەلایەن حکومەت و پەرلەمان و لەڕووى سیاسیەوە پەسەند بکرێت.

 

پێشتر لەمیانى ڕاگەیەنراوێکدا، موقتەدا سەدر ڕابەرى ڕەوتى سەدرییەکانى عێراق  کەمستەفا کازمیى  سەرۆک وەزیرانیش پاڵپشتى خۆى بۆ دەربڕى، داواى پێکهێنانى لیژنەیەکى کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشیلکارییە ئەمنییەکان و هێرشکردنە سەر دیپلۆماتکاران و بارەگا فەرمییەکانى دەوڵەت.

 

سەدر داواشى کرد، لیژنەکە چوارچێوەیەکى  ئەمنیى و سەربازى و پەرلەمانی هەبێت و  لەپێشیلکارییە ئەمنیەکان کە زیان بەناوبانگى عێراق لەگۆڕەپانى نێو دەوڵەتیدا دەدات بکۆڵێتەوە.

  

ڕابەرى ڕەوتى سەدڕ جەختى لەوەش کردەوە، ئەنجامى لێکۆڵینەوەکان لەکاتێکى دیاریکراودا بۆ ڕاى گشتى ئاشکرا بکرێت و گەر بێتو حکومەتیش لێکۆڵینەوە نەکات ئەوا کەمتەرخەم دەبێت بۆ گەڕانەوەى شکۆ و چەسپاندنى ئاسایش لەوڵاتدا.