گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق 3 هەزار میگاواتى کارەباى نیشتیمانى زیاد دەکات

2020.09.25 - 18:46
عێراق 3 هەزار میگاواتى کارەباى نیشتیمانى زیاد دەکات

ناس کورد- 

وەزارەتى کارەباى عێراق سورە لەسەر بەکارهێنانى بڕى 3 هەزار میگاواتى زیادەى دیکە بۆ سەر سیستمى کارەباى نیشتیمانى و واشنتۆنیش دەرفەتێکى دیکە دەخاتە بەردەم عێراق بۆ ئامادەکارى بەمەبەستى بەگەڕخستنى کێڵگە گازییەکانى خۆى.

 

 

ئەحمەد عەبادى، وتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وەزارەتى کارەبا کار بۆ بەکارهێنانى نزیکەى 3 هەزار میگاواتى نوێ دەکات بۆ سەر سیستمەکە ئەوەش لەڕێگەى یەکە و وێستگەى بەرهەمهێنان و لەچوارچێوەى ئامادەسازییەکان بۆ ساڵى نوێ لەماوەیەکى نزیکدا ئەو میگاواتانە دەخرێنە سەر سیستەمەکە.


عەبادى ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، لایەنى ئەمریکیش ماوەى لێخۆشبوونى عێراقى بەمەبەستى هاوردە کردنى گاز لەئێرانەوە بۆ 60 ڕۆژ درێژکردووەتەوە و ئیدارەى ئەمریکا لەو دەرفەتەى بەعێراقى بەخشیوە مەبەستییەتى ئامادەکارى بۆ خستنەگەڕى وێستگەکانى خۆى بکات.

 

وتەبێژەکەى وەزارەتى کارەباى عێراق جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، کار بۆ هەمەچەشنى سەرچاوەکانى وزە دەکەن وەکو بەستنەوەى پڕۆژەکانى کارەبا بەوڵاتانى دراوسێوە.

    

هاوکات، بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، واشنتۆن بڕیاریداوە جارێکی دیکە عێراق لە سزاکانی خۆی بۆسەر ئێران ببەخشێت، بەڵام ئەمجارە ماوەی بەخشینەکە کەمە و دوومانگی دیکە ڕێگەی داوە بەعێراق وزەی کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە بکات.  

  

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، واشنتۆن جارێکی دیکە عێراقی لەو سزایانەی کەسەپاندوویەتی بەسەرئێراندا بەخشیوە و ڕێگەی بە بەغدا داوە بۆ ماوەى دوو مانگی دیکە  کارەبا لەئێرانەوە هاوردە بکات.   

  

پێشتر درێژکردنەوەی بەخشینەکانی  ئەمریکا بۆ عێراق لە نێوان 90 ڕۆژ بۆ 120 ڕۆژدا بوو، بەڵام ئەمجارە ماوەی ئەو بەخشینانە لەلایەن ئەمریکا کەمکرایەوە بۆ دوو مانگ. 

 

شارەزایان پێیانوایە، هۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەتایبەتی دوای چڕکردنەوەی هێرشەکان بۆسەر بارەگاکانی ئەمریکا لەعێراق.