گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پاسداران: 23 کەشتیی بەقاچاخبردنی سوتەمەنیمان لە ئاوەکانی کەنداو ڕاگرتووە

2020.09.25 - 15:48
پاسداران: 23 کەشتیی بەقاچاخبردنی سوتەمەنیمان لە ئاوەکانی کەنداو ڕاگرتووە

ناس کورد-

سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، بەمەبەستی بنبڕکرن و ڕێگرییکردن لەبە قاچاخبردنی سوتەمەنی، هێزە دەریاییەکانیان لە ئاوەکانی کەنداو ژمارەیەک کەشتی بیانیان ڕاگرتووە.

 

ئەمڕۆ هەینی 25ی ئەیلولی 2020، عەلی ڕەزا تەنکسیری، فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە دیمانەیەکی تەلفزیۆنیدا لەگەڵ یەکێک لە کەناڵەکانی ئێران وتی: "بەهۆی تێوەگلان لە بەقاچاخبردنی سوتەمەنی، هێزە دەریاییەکانمان لە ئاوەکانی کەنداو 23 کەشتیی بارهەڵگری بیانیان ڕاگرتووە ".

 

تەنکسیری، لە دیمانەکدا بەهیچ شێوەیەک وردەکاری لەبارەی جۆر و ناسنامەی ئەو کەشتیانەی کەلەلایەن هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ڕاگیراون ئاشکرانەکردووە.

 

فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، ئاماژە بەوەشکردووە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هێزەکانیان توانیویەتی لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بەوردی چاودێری کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی(  یۆ ئیس ئیس) بکەن، ئەوەش پێش ئەوەی ئەو کەشتییە لە دەرتەنگی (هورمز) دەربازی بێت و بچێتە ناو ئاوەکانی کەنداوەوە. 

 

گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە سەرەتای ئەمساڵدا چووە قۆناغێکی نوێەوە و پەرەی سەند، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمریکا لە هێرشێکی ئاسمانییدا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی کوشت، دواتریش ئێران وەک تۆڵە سەندنەوەیەک بنکەی سەربازی (عەین ئەسد) لە پارێزگای ئەنبار کە سەربازە ئەمریکییەکانی تێدا جێگیرکراوە مووشک باران کرد.