گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لیژنەی دارایی لەبارەی دواکەوتنی موچە: وەزیر داوای کاتی کردووە

2020.09.25 - 15:26
لیژنەی دارایی لەبارەی دواکەوتنی موچە: وەزیر داوای کاتی کردووە

ناس کورد-

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، داوایانکردووە بودجەی 2020 بەزووترین کات لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت و تێپەڕێندرێت، چونکە پەێوەستە بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی حکومەت، ئاماژەی بەوەشكردووە، وەزیری دارایی داوایکردووە کاتیان پێبدرێت.

 

ئەمڕۆ هەینی 25ی ئەیلولی 2020، سادق مەدلول، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ میدیا عێراقییەکان ڕاگەیاند: "دەبێت بودجەی 2020  بە زووترین کات لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت، چونکە پەیوەستە بە شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و پڕۆژە گرنگەکانی حکومەتی عێراق، ئەوەمان بە وەزیری دارایی وتووە، داوای کردووە کاتیان بدەینێ".

 

وتیشی: "ئەو چاکسازییانەی کە حکومەت بەڵێنی داوە ئەنجامیانبدات لە داڕشتنەوەی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 ڕۆڵێکی باڵای دەبێت، ئەو کەموکورتی و کەلێنانە کە لەناو پرۆژەی یاسای بودجەی 2020دا بوونیان هەبوو کۆتایی پێدەهێنێت ".

 

مەدلول ڕوونیشکردووەتەوە : "پەڕاوی ڕەشنوسی چاکسازییەکانی حکومەت دەبێت بە باشی خوێندنەوەی بۆ بکرێت و لەسەرخۆ و بەهێمنی و لە ڕێگەی ڕاوێژەوە پلانی بۆ دابنرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت لە ئایندەدا ئەو بودجەیە ئامانجەکانی خۆی بەشێوەیەکی کارا بهێنێتە دی".

 

ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتر عەبدول ئەمیرعەلاوی، وەزیری دارایی عێراق  ڕایگەیاندبوو: " بەرنامەی چاکسازی ئابوری حکومەت پێویستی بە کاتێکی زۆر هەیە، چونکە دەوڵەتی عێراق لەپەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە گیرۆدەی چەندین سیاسەتی ئابوریی هەڵە بووە کە ئەوەش وایکردووە حکومەت هیچ دیدێکی ئابوری نەبێت، لە ئاکامدا کەرتی تایبەت لاواز کراوە بووەتە قوربانی".

 

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانی حکومەتی عێراق، کێشەی بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەریمیش دروستکردووە و تاوەکو ئێستا ئەو 320 ملیار دینارەی بڕیاربوو مانگانە بۆ هەرێم بنێردرێت، نەنێدراوە.