گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لێدوانی تەندروستیی هەولێر لەبارەی پێدانی نەخۆشخانەی ڕاپەڕین بە کەرتی تایبەت

2020.09.25 - 15:17
لێدوانی تەندروستیی هەولێر لەبارەی پێدانی نەخۆشخانەی ڕاپەڕین بە کەرتی تایبەت

ناس کورد-

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر لەبارەی پێدانی نەخۆشخانەی ڕاپەڕینی منداڵان بە کەرتی تایبەت ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک بابەتی لەوجۆرە بوونی نییە و نەخۆشخانەکە بەبێ بەرامبەر بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردنی هاووڵاتیان.

 

لەماوەی ڕابردوودا ئەوە بڵاوکرایەوە کە گوایە، نەخۆشخانەی ڕاپەڕینی منداڵان دەدرێتە کەرتی تایبەت.

 

لەوبارەیەوە لە ڕونکردنەوەیەکدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر بڵاویکردەوە: " لەم ساڵانەی دوایی بەهۆی زۆربوونی ژمارەی نەخۆش و ڕووتێکردنی نەخۆش لە شار و شارۆچکە جیاوازەکان و کەمی ژمارەی قەروێڵەکان لەم نەخۆشخانەیە کە بە تایبەت لە وەرزی زستان نەخۆشێکی زۆر لەو نەخۆشخانەیە دەخەوێندران،  بۆیە لەلایەن خێرخوازێکەوە دەستکرا بە پڕۆژەی دروستکردنی بینایەکی نوێی و سەردەمیانە لە نێو نەخۆشخانەی ڕاپەرین کە دەبێتە بەشێک لەنەخۆشخانەکە تاوەکو بتوانرێت شوێنی زیاتر بڕەخسێنرێت بۆ نەخۆشی خەوێندراو لەم نەخۆشخانەیە."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "ئێمە لێرە دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم نەخۆشخانەیە بە تایبەت بینای نوێی نۆژەن کراو لە خزمەتی نەخۆشان دەبێت بە بێ بەرامبەر و هەروەها بەشێکە لە نەخۆشخانەی ڕاپەرین و ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستی کە باسی گۆڕینی بۆ کەرتی تایبەت دەکەن."

 

دەربارەی ناوی باڵەخانە نوێیەکەی ناو نەخۆشخانەکەش، تەندروستیی هەولێر ڕونیکردووەتەوە: " هەر کاتێك خێرخوازێك یاخود سەرمایەدارێك باڵەخانەی نەخۆشخانەیەك یا بنکەیەکی تەندروستی یا هەر بینایەك دروستبکات لەسەر داوای ئەو بەڕێزانە هەر ناوێك کە داوای بکەن وەردەگیرێت و دادەنرێت بۆ بیناکە، بەڵام دانانی ئەم ناوە بەهیچ شێوەیەك بەو واتایە نیە کە ئەمە دەبێتە نەخۆشخانەیەکی تایبەت یاخود هەر مەبەستێکی تر، ئەم جۆرە نەخۆشخانە و بنکانە هەر موڵکی گشتی و بۆ خزمەتی نەخۆشان بەشێوەی خۆڕای لە ئەستۆی حکومەت دەمێنێتەوە."

 

تەندروستیی هەولێر جەختیشیکردووەتەوە: "ئەو باڵەخانەیە بەهەمان شێوە بەشێك لە نەخۆشخانەی ڕاپەڕین دەبێت و بۆ خزمەتی کەرتی گشتی و منداڵان دەبێت بەشێوەی بێ بەرامبەر، بەپێویستیشی دەزانین دەستخۆشی لەو خێرخوازە بەڕێزە و هەموو ئەو خێرخوازە بەڕێزانە بکەین کە کاری وا گەورە ئەنجام دەدەن بۆ کەرتی گشتی."