گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەبارەی گەندەڵی و چەكی بەرەڵاوە كازمی تویتی كرد

2020.09.25 - 14:58
لەبارەی گەندەڵی و چەكی بەرەڵاوە كازمی تویتی كرد

ناس کورد-

سەرۆکوزیرانی عێراق پشتگیری خۆی بۆ پیشنیارەکانی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە عێراق نیشاندا لە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی ئەمنی و پەرلەمانی و سەربازی بۆ لێکوڵینەوە لەو پێشێلکاریانەی کە شکۆ و ئاسایشی عێراق دەکەنە ئامانج و ڕایگەیاند، دەبێت یاسا سەرەوەر و باڵادەست بێت بەرانبەر ئەوانەی لەیاسا یاخیبوون، دەشڵێت، گەندڵی و چەکی کۆنترۆڵنەکراو و بێ هودە لە عێراق جێگایان نابێتەوە.

 

 ئەمڕۆ هەینی 25ی ئەیلولی 2020، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەتویتێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی ڕایگەیاند: " پشتگیری خۆمان بۆ پێشنیارەکانی پایەدار سەید موقتەدا سەدر، لە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی ئەمنی و پەرلەمانی و سەربازی بۆ لێکوڵینەوە لەو پێشێلکاریانەی کە شکۆ و ئاسایشی عێراق و پابەند بوونە نێوەدەوڵەتییەکانی  دەکەنە ئامانج  دووپاتدەکەینەوە". 

 

 کازمی جەختیشکردووەتەوە: "دەبێت یاسا سەرەوەر و باڵادەست بێت بەرانبەر ئەوانەی کە لەیاسا یاخیبوون، گەندڵی و چەکی کۆنترۆڵنەکراوە لە عێراق جێگایان نابێتەوە".

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە، موقتەدا سەدر، ڕێبەری رەوتی سەدر لەعێراق لە تویتێكدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی ئاڕاستەی چەکدارانی حەشدی شەعبی کرد و رایگەیاند: "هەوڵبدەن بە دانایی و لەبەر خۆشەویستی عێراق و گەلەکەی هەڵسوکەوت بکەن، چونکە ئێوە بەرپرسیارن لەبەرامبەر خوا و گەلی عێراق."

 

سەدر ئاماژەی بەوەشكردبوو: "پێویستە چیتر دەستوەردان لە كاروبارە ناوخۆییەكانی عێراق نەكرێت، چونكە لەوە زیاتر عێراق بەرگەی توندوتیژی، شەڕ، هەڵچون، ململانێی سیاسیی و ئاژاوە ناگرێت"

 

باسی لەوەشکردبوو، هەندێک لە گروپەكانی "حەشدی شەعبی" کار بۆ لاوازکردنی عێراق دەکەن، بەوەش هێزە دەرەكییەكان بەتایبەت ئەمریكا بەهێزدەبێت.

 

 موقتەدا سەدر پێشنیازیشی کرد، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەشی ئەمنی و پەرلەمانی و سەربازی بۆ لێکۆڵینەوە لەو پێشێلکارییانە پێکبهێنرێت.