گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەڵەدنی: لەسەر پرساندنی سەرۆكی حكومەت ئەم هەڕەشانە لە لایەنەكان كراوە

2020.09.25 - 10:50
هەڵەدنی: لەسەر پرساندنی سەرۆكی حكومەت ئەم هەڕەشانە لە لایەنەكان كراوە

ناس کورد-

ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان ڕایەیاند، لەسەر پرساندنی سەرۆکی حکومەت هەڕەشە لە یەکێتی و گۆڕان کراوە کە ئەگەر واژووی یاداشتەکە بکەن ئەوا پێگەی قوباد تاڵەبانی و ئاوات شێخ جەناب دەکەوێتە مەترسییەوە و دوورنییە متمانەیان لێوەربگیرێتەوە. 

 

ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە یاداشتی پرساندنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی بۆ واژۆیەک پەکی کەوتبوو، بەڵام دواجار ئەو واژۆیە کرا و واۆکان بوونە 23 و  ڕێژەی یاسایی تەواو بوو.

 

لە یاداشتەکەدا هیچ پەرلەمانتارێکی پارتی و یەکێتی واژۆیان نەکردووە و گۆڕانیش سێ پەرلەمانتاریان بەدەر لەبڕیاری فەرمی فراکسیۆنەکەیان واژۆیان کرد.

 

ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لەسەر پرساندنەکە و واژۆکردنی یاداشتەکە هەڕەشەی سیاسی لەلایەنە سیاسییەکان کراوە لەلایەن پارتییەوە کە سەرۆکایەتی حکومەتی بەدەستە و حوکمی زۆرینەی پەرلەمانیش دەکات."

 

وتیشی: "بە نمونە هەڕەشەی ئەوە لە یەکگرتوو کرا کە لە حکومەتە خۆجێیەکان دوردەخرێتەوە، بەڵام یەکگرتوو ئامادەنەبوو مل بۆ داواکەی پارتی بدات و واژۆکانی نەکشاندەو."

 

هەڵەدنی ئاشكراشیکرد: "هەڕەشەی ئەوەش لە یەکێتی کراوە کە ئەگەر پەرلەمانتارەکانیان واژۆی یاداشتەکە بکەن ئەوا پێگەی قوباد تاڵەبانی دەکەوێتە مەترسییەوە و ئاوات شێج جەنابی وەزیری داراییش لە پشکی گۆڕان بەهەمانشێوە، بەشێوەیەک کە بەدەنگی زۆرینەی پارتی و هاوپەیمانەکانی لە پەرلەمان متمانەیان لێوەردەگیرێتەوە"

 

ڕوونیشیکردەوە: "پارتی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا لە پەرلەمان زۆرینەیە و ئەگەر متمانە لێوەرگرتنەوەی هەر یەکێک لە بەرپرسانی حزبەکانی دیکە بخرێتەوە دەنگدانەوە دەنگی پێویست دەهێنێت و بەپێچەوانەشەوە ئەوە بۆ سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکانی پارتی ڕوونادات."

 

پێشتریش لەبارەی هۆکاری واژۆنەکردنی یاداشتەکە لەلایەن فراکسیۆنی گۆڕانەوە، بەرپرسێکی بزووتنەوەکە کە نەیویستبوو ناوی ئاشكرا بکرێت، بەناس کوردی ڕاگەیاندبوو، دەترسن ئەگەر واژۆی یاداشتەکە بکەن، لەتۆڵەی ئەوەدا ئەگەر وەزیری دارایی چووە پەرلەمان متمانەی لێوەربگیرێتەوە.

 

دەربارەی ئەوەی کەی یاداشتەکە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت، هەڵەدنی باسی لەوەکرد: "ئەوە دەکەوێتەسەر سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان هەرکات بیانەوێت دەینێرن، ئەگەر نەشیانەوێت ئەوا هەر ناینێرن، ئەوەش واتای ئەوە دەگەیەنێت کە نایانەوێت سەرۆکی حکومەت بێتە پەرلەمان."

 

ئاماژەی بەوەشكرد، هەرکاتیش ناردیان، ئەوا ماوەی دوو هەفتە لەبەردەم سەرۆکی حکومەتدایە بۆ ئەوەی بچێتە پەرلەمان.