گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

واشنتۆن پۆست: ناتانياهۆ و ژنەکەی لەهەر سەردانێکدا بۆ کۆشکی سپی جانتایەک جلی پیس دەبەن

2020.09.24 - 23:19
واشنتۆن پۆست: ناتانياهۆ و ژنەکەی لەهەر سەردانێکدا بۆ کۆشکی سپی جانتایەک جلی پیس دەبەن

ناس کورد-

بەپێى ڕاپۆرتێكى ڕۆژنامەى واشنتۆن پۆستى ئەمريكى، بنيامين ناتانياهۆ، سەرۆكوەزيرانى ئيسرائيل هەر جارێك سەردانى كۆشكى سپى دەكات چەند جانتايەك لە جلى پيس لەگەڵ خۆيدا دەبات بۆ ئەوەى لەوێ بۆى بشۆردرێت.

 

واشنتۆن پۆست لەزاری كارمەندانى كۆشكى سپى بڵاویکردووەتەوە، لە کۆشکی خزمەتگوزارى شوشتنى جل و بەرگ بۆ هەموو ئەو سەرۆك و سەركردانە هەيە كە سەردانى كۆشكى سپى دەكەن، بنيامين ناتانياهۆ تاكە كەسە كە بەشێوەيەكى زۆر سودى لەو خزمەتگوزاريە وەرگرتووە.

 

کارمەندێکی کۆشکی سپی بەڕۆژنامەکەی وتووە:" ناتانیاهۆ لە هەر سەردانێكيدا بۆ كۆشكى سپى چەند جانتايەك جلى پيس لەگەڵ خۆيدا دەهێنێت بۆ ئەوەى بۆى بشۆردرێت، ئەو كارەى لەسەردەمى ئێستاى دۆناڵد ترامپ سەرۆكى ئێستا و باراك ئۆباما سەرۆكى پێشووش كردووە." 



ئاماژەی بەوەشكردووە: " خێزانى ناتانياهۆ تاكە خێزانن كە جانتاى پڕ لە جل و بەرگ دەهێنن بۆ ئەوەى بۆيان بشۆين، دواى ژمارەيەكى زۆر سەردان دەركەوتووە كە ئەو كارە بە ئەنقەست دەكەن و ڕێكەوت نييە.

 

سەرچاوەكە ئەوەشى ڕونكردووەتەوە، لە كۆتا سەردانيدا بۆ كۆشكى سپى بۆ واژۆكردنى رێکكەوتنى ئاساييكردنەوەى پەيوەندیيەكان لەگەڵ ئيمارات و بەحرەين، ناتانیاهۆ وەک پێشوو ژمارەيەكی زۆر جانتاى لەگەڵ خۆى نەبردووە. 

 

لاى خۆشيەوە باڵيۆزخانەى ئيسرائيل لە واشنتۆن وتەى كارمەندانى كۆشكى سپى ڕەتكردووەتەوە و ئاماژەى بەوەداوە، ئەو تۆمەتانە هيچ بنەمايەكيان نييە و ئامانج لێى لابردنى سەرنجەكانە لەسەر دەستكەوتە مێژوييەكەى ناتانياهۆ.

 

باسی لەوەشکردووە،  لە كۆتا سەردانيدا تەنها چەند كراسێك شۆردراون و قاتەكەى ناتانياهۆ و جلەكانى هاوسەرەكەشى ئوتو كراون، هەروەها ئەو قاتى خەوەشى كە 12 كامژمێر لەبەريدا بوو لەكاتى گەشتەكەى لە ئيسرائيلەوە بۆ ئەمريكا شۆردراوە.

 

ئەوەش لەكاتێكدايە، پێشتر و لەساڵى 2018 "نير حيفتس" ڕاوێژكارى پێشووى ڕاگەياندنى ناتانياهۆ بە كەناڵى 12ى وڵاتەكەى وتبوو، ناتانياهۆ و ژنەكەى ڕاهاتوون كە لە كاتى سەردانيكردنيان بۆ دەوڵەتانى تر جلە پيسەكانيان ببەن بۆ ئەوەى لەوێ بيشۆن، ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى لە ئيسرائيل ئەو خزمەتگوزاريەيان هەيە و هيچ بودجەش بۆ پاككردنەوە و شوشتن سنوردار نەكراوە.