گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پلانێکی یەکێتی ئەوروپا وەرگرتنى مافى پەنابەرێتى دەکاتە خەون

2020.09.24 - 17:54
پلانێکی یەکێتی ئەوروپا وەرگرتنى مافى پەنابەرێتى دەکاتە خەون

ناس کورد- 

دواى دەستپێکردنی لێشاوى کۆچبەران بەرەو ئەوروپا لەساڵى 2015 کو ژمارەکە زیاتر لەملیۆنێکى تێپەڕاند، لەئێستادا یەکێتیى ئەوروپا سەرقاڵى دانانى پلانێکى تۆکمەیە کە ئەنجێڵا مێرکڵى ڕاوێژکارى ئەڵمانیا پشتیوانى دەکات، بەمەبەستى دابەشکردنى بەرپرسیاریتى یەکسانى وڵاتانى ئەوروپا بۆ چارەسەرکردنى پرسەکە.

 

ڕۆژنامەى نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، یەکێتیى ئەوروپا پێشنیارێکى کردووە هەوڵیداوە ئەندامەکانى قایل بکات بەمەبەستى داڕشتنى سیستمێکى هاوبەش بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەو کۆچبەرانەى کە داواى مافى پەنابەرێتى دەکەن و هەروەها ناردنەوەى بەپەلەى ئەوانەى کە داواکارییەکەیان بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن وڵاتانى ئەوروپاوە ڕەتکراوەتەوە.

 

پێشنیارەکە گەر کارى پێبکرێت سیستمى دابەشکردنى پەنابەران بەسەر وڵاتاندا کە پێنج ساڵ پێش ئێستا بڕیارى لێدرا هەڵدەوەشێنێتەوە، گەرچى ئەو بڕیارە لەلایەن هەندێ وڵاتەوە، لەوانە هەنگاریا کارى پێنەکرا بێ هیچ سەپاندنى سزایەکیش بەسەریدا.

 

یەکێتى ئەوروپا پاساوى بۆ ئەو هەنگاوە سووتانى کەمپى مۆریایە لەیۆنان کەزیاتر لە 12 هەزار کۆچبەرى تێدایە و ئەوەشى بەیاد هێناوەتەوە ئەو ڕووداوە وا دەکات چارەسەرێکى جدى بۆ ئەو پرسە بدۆزرێتەوە.

 

بەگوێرەی نیویۆرک تایمز، سێیەکى ئەوانەى کە داواکارییەکەیان ڕەتکراوەتەوە گەڕاونەتەوە، بەوهۆیەوە کەمپەکان قەرەباڵغ بوون و خەڵکى دووچارى تەنگەژەیەکى یاسایى بووە.

 

لاى خۆشیەوە ئۆرسۆلا فۆن دیرلایەن، سەرۆکى کۆمسیۆنى یەکێتیى ئەوروپا ڕایگەیاندووە، پلانە نوێیەکە کار بۆ دووبارە دروستکردنەوەى متمانە لەنێوان وڵاتانى ئەندامدا دەکات و هاوسەنگیەکى دروست لەبارەى هاریکارى و بەرپرسیارێتیەوە بەدەستدەهێنێت.

 

هاوکات ئیلڤا جۆهانسۆن، سەرۆکى کۆمسیۆنى ئەوروپا بۆ کۆچبەران ڕایگەیاندووە، لەگەڵ نزیکەى 20 وڵاتى ئاسیا و ئەفریقیدا سەرقاڵى گفتوگۆن بۆ ئەوەى ئەوانەى کە داواکارى مافى پەنابەرێتیان لەئەوروپا ڕەتدەکرێتەوە بەگەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان قایل بن.

 

لەبەرامبەریشدا، جۆدیس سەندرلاند، جێگرى بەڕێوەبەرى ڕێکخراوى هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاندووە، پێناچێت ئەو ڕێوشوێنانە خێرا بگیردرێنەبەر.

 

هەر لەسەر ئەو پرسە هان بیرینز، بەڕێوەبەرى پەیمانگاى سیاسەتەکانى کۆچ لەئەوروپا ئاماژەى بەوە کردووە، ئەوە پلانێکى ئازایانەیە بۆ یەکگرتنى هەڵوێستى وڵاتانى ئەندامى ئەوروپا و نەخواستنە بۆ پێشوازیکردن لەوەرگرتنى کۆچبەران.

 

دەشپرسێت: " ئەى ئەگەر ئەو پلانە شکستى هێنا، جێگرەوەى ئەوە چ دەبێت..؟"