گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کوێن ئەو وڵاتانە و کامیان لە پلەی یەکەمدایە؟

بانکی نێودەوڵەتی: ئابوریی جیهان لەلایەن 10 وڵاتەوە کۆنتڕۆڵکراوە

2020.09.24 - 16:41
بانکی نێودەوڵەتی: ئابوریی جیهان لەلایەن 10 وڵاتەوە کۆنتڕۆڵکراوە

ناس کورد-

ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی 2019 ئاشکرایانکرد، ئابوری جیهان لەلایەن 10 وڵاتەوە کۆنتڕۆڵکراوە، هاوکات، ئەمریکا بەتەنها چواریەکی ئابوریی جیهانی کۆنترۆڵ کردووە.

 

بەگوێرەی داتاکان و ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی 2019، لە کۆی 89 ترلیۆن دۆلار کە داهاتی گشتیی ناوخۆیی وڵاتانی جیهانە، (10) وڵات نزیکەی 59 ترلیۆن دۆلاریان لەو داهاتە کۆنترۆڵکردووە، بەجۆرێک ئەو  وڵاتانە لەئێستادا کۆنترۆڵی زیاتر لە سێیەکی داهاتی ناوخۆیی جیهانیان کردووە.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو" " لە 67%ی ئابوریی جیهان لەلایەن ئەو (10) وڵاتەوە کۆنترۆڵکراوە، ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕیزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانەدایە و چواریەکی ئابوری جیهانی کۆنترۆڵکردووە".

 

داتاکان ئەوەیان ڕوونکردووەتەوە،  کۆی داهاتی ناوخۆیی ئەمریکا 21 ترلیۆن دۆلار  بووە، چین 16 ترلیۆن دۆلار، ژاپۆن پێنج ترلیۆن دۆلار، ئەڵمانیا 3.9 ترليۆن دۆلار، هیندستان 2.9 ترليۆن دۆلار، بەریتانیا 2.8 ترليۆن دۆلار، فەرەنسا 2.7 ترليۆن، ئیتاڵیا دوو ترليۆن، بەرازیل 1.8 ترليۆن و كەنەدا، 1.7 ترليۆن دۆلار.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، جگە لەو( 10) وڵاتە، هەموو وڵاتانی دیکەی جیهان، کۆی گشتیی داهاتی ناوخۆییان 29 تريليۆن دۆلارە، کە دەکات 33.1 %ی ئابوریی جیهان.

 

بەگوێرەی شارەزایانی بواری ئابوری، ئەو ژمارانەی کە لەلایەن بانکی نێودەوڵەتی بڵاوکراونەتەوە، ئاماژەی بە سەردەمی پێش سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا کردووە، پێدەچێت نەخشەی ئابوریی جیهان لە نێوان 2020 و2021  گۆڕانکاری زۆر بەخۆیەوە ببینێت، کە ئەوەش وادەکات بەشی هەرە زۆری ئەو وڵاتانە دووچاری داتەپینی ئابوری سەخت ببنەوە. 

 

لای خۆشیەوە ڕێکخراوی "هاریکاری و گەشەپێدانی ئابوریی جیهان"،  پێشبینی ئەوە دەکات، ئابوریی جیهان لە ساڵی 2020 بەڕێژەی 4.5%دا دابەزین بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام پێشبینی ئەوەشی کردووە،  لە سەرەتای ساڵی 2021 دا جارێکی تر ئەگەری هەیە ئابوریی جیهان بەڕێژەی 5 %دا گەشە بەخۆیەوە ببینێت.

 

لەسەروبەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەنیوەی یەکەمی ساڵی 2020 دا ئابوری جیهان بە ڕێژەی 15% دابەزی، ئەوەش بەهۆی قەدەغەی گشتی و رێکارەکانی بەرگرتن بوو لە تەشەنەسەندی پەتاکە.