گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’وەرگرتنەوەى متمانە لەسەرۆکى حکومەت موستەحیلاتە’

ئومێد خۆشناو: ئێمە خودانی په‌رله‌مانین

2020.09.23 - 21:17
ئومێد خۆشناو: ئێمە خودانی په‌رله‌مانین

ناس کورد-

سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى کوردستان لەبارەى پڕۆسەى پرساندنى سەرۆکى حکومەتەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بەوپێیەى ئەوان گەورەترین فراکسیۆنى ناو پەرلەمانن ئەوا وەرگرتنەوەى متمانە لەسەرۆکى حکومەت موستەحیلاتە.

 

ئومێد خۆشناو، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى کوردستان لەمیانەى بڵاوکردنەوەى وتارێک لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک ئاماژە بەوە دەکات " بۆیه ئێمه‌ زۆر ڕاشکاوو ڕاستگۆ بوینه‌ له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌کانمان له‌ حکومه‌ت و له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش که‌ ئۆپۆزسیۆنن، هه‌ڵبه‌ت هه‌موو لایه‌ک ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌زانن که‌، له‌ پڕۆسه‌ی پرساندن و وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ سه‌رۆکی حکومه‌ت پێویست به‌ ٧٤ده‌نگ له‌ کۆی ١١١ ده‌نگی په‌رله‌مان ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌موولایه‌ک ئه‌وه‌ ده‌زانن، ٧٤ ده‌نگ به‌ده‌ستهێنان له‌سه‌رووی موسته‌حیلاته‌!.".

 

سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لەبەشێکى نووسینەکەیدا هۆشدارى دەداتە لایەنە بەشدارەکانى حکومەت و رونیدەکاتەوە کە وەرگرتنەوەى متمانە لە بەرپرسانى ئەو پارتانە بۆ فراکسیۆنەکەیان زۆر ئاسانە و هیواخوازە ناچار نەکرێن ئەو کارە بکەن و دەڵێت " له‌به‌رامبه‌ردا، جگه له‌ سه‌رۆک وه‌زیران، ئه‌ندامانی کابینه‌ پێویستی به‌ ٥٦ ده‌نگ هه‌یه‌، ئه‌و ڕاستیه‌ش هه‌موولایه‌ک ده‌زانن به‌ده‌ستهێنانی ٥٦ ده‌نگ بۆ فراکسیۆنی پارتی یه‌کێک له‌ ساناترین کاره‌کانه‌، به‌ڵام په‌نامان بۆ نه‌ بردوه‌و ئه‌گه‌ر ناچاریشمان نه‌که‌ن په‌نای بۆ نابه‌ین!.

 

سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى دەشڵێت "ئاخر ئه‌وه‌ که‌ی لۆژیکه‌، ئێوه‌ ده‌نگی پێویستان له په‌رله‌مان نه‌بێ و ئێمه‌ زۆرینه‌ بین، که‌چی ئێوه‌ به‌ ئێمه‌ بڵێن له‌ په‌رله‌مان ده‌ترسن؟.

ئێوه‌و ئێمه‌و خه‌ڵکیش باش ده‌زانین، ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مان ناترسین و به‌ڵکوو خودانی په‌رله‌مانین، ئه‌وه‌ ئێوه‌ن وه‌ک که‌مینه‌ ده‌بێ له‌ شکۆ و هه‌یبه‌تی په‌رله‌مان و ڕاستیه‌کان بترسن که‌، هه‌میشه ترساون و له‌به‌رامبه‌ردا ده‌ست و په‌نجه‌تان له‌گه‌ڵ چه‌واشه‌کاری نه‌رمکردوه"‌.

 

 

دەقى نووسینەکەى ئومێد خۆشناو، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى کوردستان:

 

به‌ کورتی چه‌ند ڕاستیه‌ک ده‌رباره‌ی پرساندن.

پڕۆسه‌ی پرساندن له‌ کاری په‌رله‌مان یه‌کێک له‌ کاره‌ ئاسایی و یاساییه‌کانه‌، له‌ کوردستانیش ڕێکارو پڕۆسه‌ی پرساندن له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆیی په‌رله‌مان ڕێگه‌ی ئسولی و ڕێچکه‌ی په‌یڕه‌ویی خۆی هه‌یه‌.

 

به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و بابه‌ته‌ش وه‌ک زۆر بابه‌تی تری کوردستان خه‌ریکه‌ ده‌شێوێنرێ!.

فراکسیۆنی پارتی وه‌ک گه‌وره‌ترین فراکسیۆن، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ڕۆڵ بینینی په‌رله‌مان و کارابوونی په‌رله‌مان و په‌یوه‌ندی به‌هێزی نێوان دامه‌زراوه‌ ده‌ستوریه‌کانه‌، هه‌ڵبه‌ت که‌س ناتوانێت نکوڵی له‌وه‌ بکات، فراکسیۆنی زۆرینه‌ به‌شی شێری باشی و خراپیه‌کانی به‌ر ده‌که‌وێ، ئێمه‌ش به‌وه‌ ڕاهاتووین و خه‌ڵکیش شاهێده‌، له‌به‌رپرسیاریه‌تی ڕا ناکه‌ین و تحمولی مه‌سئولیه‌تی خۆمان کردوه‌و ده‌که‌ین.

 

ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن ده‌سه‌ڵات له‌ په‌رله‌مان ده‌ترسێ، یان هیچ له‌ مانای هێزی زۆرینه‌ ناگه‌ن، یان ئه‌وه‌تا خۆیان و خه‌ڵک ده‌گه‌وجێنن.

 

بۆیه ئێمه‌ زۆر ڕاشکاوو ڕاستگۆ بوینه‌ له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌کانمان له‌ حکومه‌ت و له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش که‌ ئۆپۆزسیۆنن، هه‌ڵبه‌ت هه‌موو لایه‌ک ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌زانن که‌، له‌ پڕۆسه‌ی پرساندن و وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ سه‌رۆکی حکومه‌ت پێویست به‌ ٧٤ده‌نگ له‌ کۆی ١١١ ده‌نگی په‌رله‌مان ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌موولایه‌ک ئه‌وه‌ ده‌زانن، ٧٤ ده‌نگ به‌ده‌ستهێنان له‌سه‌رووی موسته‌حیلاته‌!.

 

له‌به‌رامبه‌ردا، جگه له‌ سه‌رۆک وه‌زیران، ئه‌ندامانی کابینه‌ پێویستی به‌ ٥٦ ده‌نگ هه‌یه‌، ئه‌و ڕاستیه‌ش هه‌موولایه‌ک ده‌زانن به‌ده‌ستهێنانی ٥٦ ده‌نگ بۆ فراکسیۆنی پارتی یه‌کێک له‌ ساناترین کاره‌کانه‌، به‌ڵام په‌نامان بۆ نه‌ بردوه‌و ئه‌گه‌ر ناچاریشمان نه‌که‌ن په‌نای بۆ نابه‌ین!.

 

هه‌ڵبه‌ت ستراتیژیه‌تی ئێمه‌ ئه‌وه‌ بووه‌، زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی پارتی له‌ پێناو ئارامی و خۆشگوزه‌رانی و حوکمڕانیه‌کی باش و هاوئاهه‌نگی و هه‌ماهه‌نگی و کاری باش و باشتر سه‌رفبکرێ و هه‌ر واش ده‌که‌ین.

 

ئاخر ئه‌وه‌ که‌ی لۆژیکه‌، ئێوه‌ ده‌نگی پێویستان له په‌رله‌مان نه‌بێ و ئێمه‌ زۆرینه‌ بین، که‌چی ئێوه‌ به‌ ئێمه‌ بڵێن له‌ په‌رله‌مان ده‌ترسن؟.

 

ئێوه‌و ئێمه‌و خه‌ڵکیش باش ده‌زانین، ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مان ناترسین و به‌ڵکوو خودانی په‌رله‌مانین، ئه‌وه‌ ئێوه‌ن وه‌ک که‌مینه‌ ده‌بێ له‌ شکۆ و هه‌یبه‌تی په‌رله‌مان و ڕاستیه‌کان بترسن که‌، هه‌میشه ترساون و له‌به‌رامبه‌ردا ده‌ست و په‌نجه‌تان له‌گه‌ڵ چه‌واشه‌کاری نه‌رمکردوه‌.

 

که‌ ده‌ڵێین هۆکاره‌کانی ئێوه‌ باسی ده‌که‌ن، ئه‌و هۆکارگه‌لانه‌ن له‌سه‌رووی ئیڕاده‌ی دامه‌زراوه‌کانی کوردستانن و بۆ پڕۆسه‌ی حوکمڕانی و ژین و ژیانی خه‌ڵکی کوردستان خوڵقێنراون و باوه‌ڕیشمان وایه‌، هێزی مه‌نتق به‌سه‌ری زاڵ ده‌بێ و چاره‌سه‌ری به‌شی زۆری گرفته‌کان ده‌کرێ و له‌مه‌په‌ره‌کان تێک ده‌شکێنرێن.

 

دوێنێ و ئه‌مڕۆو ئاینده‌و خه‌ڵکی کوردستان شاهیدی نێوانمان ده‌بێ....

                          ئومێد خۆشناو

           سه‌رۆکی فراکسیۆنی پ.د.ک