گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندیی عێراق باس لە چارەنوسی موچەی فەرمانبەران دەکات

2020.09.22 - 21:24
سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندیی عێراق باس لە چارەنوسی موچەی فەرمانبەران دەکات

ناس کورد-

سەرچاوەيەك لە بانكى ناوەندیی عێراقى ئاشكرايكرد، ئەو پارەيەى لە هەژماری وەزارەتى دارايى هەيە بەشى موچەى چەند مانگى داهاتووى فەرمانبەرانى دەوڵەت دەكات.

 

ئەمڕۆ سێشەممە، 22ی ئەیلولی 2020، سەرچاوەیەک لەبانکی ناوەندیی عێراقەوە بە ناس کوردى وت، بڕى ئەو پارەيەى لەلاى بانكى ناوەندى هەيە بەشى ئەوە دەكات كە موچەى ئەم مانگە و مانگەكانى دواترى فەرمانبەرانى پێ دابين بكرێت.

 

ئەوە لەکاتێکدایە هەدار بارزانی پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی لە لێدوانێکدا تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند: بە گوێرەی زانیارییەکان، پێدەچێت دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی عێراق بۆ ئەم مانگە هەندێک دوابکەوێت.  

  

وتیشی: هۆکاری دواکەوتنەکە پەیوەندی بە کەمی تەمویلەوە هەیە، چونکە حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت ئەم مانگە موچە دابەشبکات دەبێت بڕی سێ ترلیۆن دینار لە بانکی ناوەندی عێراق قەرز بکات>

 

بەپێى قسەكنى ئەو پەرلەمانتارە، دواکەوتنی پێدانی موچە لە بەغدا کاریگەری دەبێت لەسەر وادەی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، چونکە بەغدا لەو بڕە پارەیەی کە قەرزی دەکات 320 ملیار دینارەکە دەنێرێت بۆ هەرێم.  

 

هێماى بۆ ئەوەشكرد، هێشتا زووە بۆ دابەشکردنی موچە لە بەغدا، موچە لە عێراق لە کۆتایی هەموو مانگێک دابەشدەکرێت، پێدەچێت پێش هاتنی وادەی دابەشکردنی موچە، حکومەت ئەو کێشەیە چارەسەر بکات.  

  

سەبارەت بە پرۆژە ياساى بودجەى ساڵى 2020 پێشتر ئەحمەد حاجى ڕەشيد ئەندامى ليژنەى دارايى پەرلەمانى عێڕاق لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەكردوە، پرۆژەیاسای بودجە پێویستی بە چەند رۆژێك هەیە بۆئەوەی ئاراستەی لیژنەی دارایی بكرێت، دواتر خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت، هەروەها پێویستی بە سێ‌ هەفتە هەیە بۆئەوەی تێپەڕێنرێت.

 

هێمای بۆ ئەوەشكردوە: تائێستا لایەنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمان تەماشای ژمارەكانی ناو پرۆژەیاساكەیان نەكردوە.

 

ڕۆژى دوو شەممەش بازنەى ڕاگەياندنى پەرلەمانى عێراق لە ڕاگەيەنراوێكدا ئەوەى ئاشكرا كردبوو، پرۆژە ياساى بودجەى ساڵى 2020 گەيشتووەتە پەرلەمان.