کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد–فوئاد عەبدوڵا
چوار دەروازەی سنوری لاوەكی لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ بوون بە نێودەوڵەتییان چاوەڕوانی واژوو و رەزامەندی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن.
.
سالار عەبدوڵا ئەندامی دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراق تایبەت بەناس كورد-ی ڕاگەیاند "دوای سەردانیكردنی شاندێكی فەرمی حكومەتی عێراقی كە نوێنەری 12 وەزارەتی لەخۆگرتبوو بۆ بەسەركردنەوەی چوار دەروازەی سنوری لاوەكی پارێزگای سلێمانی، ئەو لیژنەیە بەكۆی ئەندامانی ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر بە نێودەوڵەتیكردنیان ".
.
ئاماژەی بەوەش كرد، شاندە فەرمییەكە ڕۆژی (پێنجشەممە)ی ڕابردوو راپۆرتی خۆیان بەرزكردۆتەوە بۆ دكتور كازم عیقابی سەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراق و ئەنجومەنی دەستەكەش كە لە 24 نوێنەری وەزارەت و دەستە پێكهاتووە لەكۆبوونەوەی خۆیاندا بەكۆی دەنگ ڕەزامەندیان نیشانداوە لەسەر بەنێودەوڵەتیكردنی ئەو چوار دەروازەیە.
.
رۆژی 10ی نیسانی 2019 شاندێكی فەرمی حكومەتی عێراق كە لە نوێنەری 12 وەزارەت پێكهاتبوو سەردانی پارێزگای سلێمانیان كرد و لە نزیكەوە دەروازەكانی پشتە و كێلێ و سەیرانبەن و تەوێڵەیان بەسەركردەوە بەمەبەستی ئامادەكردنی راپۆرتێك لەبارەی بەنێودەوڵەتیكردنیان.
.
ئەندامەكەی دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراق روونیكردەوە، ئەنجوومەنەكە لەم ڕۆژانەدا نووسراوی ڕەزامەندی خۆی بەرزكردۆتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران تا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دوا بڕیاری ڕەزامەندی خۆی لەبارەیەوە بدات و فەرمانی نێودەوڵەتیبوونی ئەو دەروازانە بەفەرمی بدات.
.