ناس کورد-
وەزارەتی تەندروستیی هەرێم کاری پشکنینی کۆرۆنای لە دەروازە سنورییەکان داوەتە کۆمپانیا و ئەو کۆمپانیایانە مانگانە بە ملیۆنان دۆلاریان دەستدەکەوێت، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی ناس کورد و قسەی هاووڵاتیان لە دەروازەی سنوریی باشماخ تەنها وەرگرتنی پارەکە گرنگە و خەڵک هەیە پاش 20 ڕۆژ گەڕانەوەی هێشتا ئەنجامی پشکنینەکەی وەرنەگرتووەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ماوەی زیاتر لە مانگێکە گەشتکردن لە هەرێمەوە کوردستانەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ و لە دەروازە سنورییەکانەوە کراوەتەوە، بەڵام پێویستە هەرکەسێک کە دەچێتە دەرەوە یاخود دەگەڕێتەوە پشکنینی تایبەت بە کۆرۆنا بکات و وەزارەتی تەندروستیش ئەو پشکنینەی داوەتە کۆمپانیا.
هاژە باست حەمەغەریب، ماوەیەک بەرلەئێستا بۆ سەردانی پزیشک لەدەروازەی سنوریی باشماخەوە چووەتە وڵاتی ئێران، ئەو لە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی: "لەدوای گەڕانەوەم، پشکنینێکیان بۆ کردم و بڕی 60 هەزار دیناریان لێوەرگرتم و وتیان بڕۆ، بەڵام دوای 20 ڕۆژ هێشتا ئەنجامی پشکنینەکەیان بۆ نەناردووم، بەبێ ئەوەی ڕێگریم لێبکرێت لەوەی تێکەڵی خەڵک بم."
جگە لە هاژە، چەندین کەسی دیکە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئەو حاڵەتەیان بڵاوکردووەتەوە و چەند کەسێکیش بۆ ناس کوردیان پشتڕاستکردووەتەوە کە بەبێ ئەوەی ئەنجامی پشکنینەکەیان پێبدرێتەوە هاتوونەتەوە و تێکەڵی هاووڵاتیانی دیکە بوون.
لەدوای کرانەوەی گەشتەکان و هاتنەناوەوەی هاووڵاتیان بەوشێوەیە لەوڵاتانی دراوسێوە، ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان ڕووی هەڵکشانێکی بەرچاو کردووە و لەسنوری پارێزگای سلێمانیش لەدوای کەمبوونەوەی توشبووانی ڕۆژانە، لەئێستادا ئامارەکان بەرەو هەڵکشان دەچنەوە.
بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، چوار هەفتە پێش ئێستا و لەبەرواری 21 بۆ 27ی مانگی ڕابردوو، 3520 توشبووی کۆرۆنا دەستنیشانکراون، بەڵام پاش مانگێک لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا، ئاماری هەفتانە بەرزبووەتەوە بۆ 4537 توشبوو.
لەوبارەیەوە خاڵس قادر، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بەناس کوردی ڕاگەیاند: "ئێمە ئاگاداری ئەوە نیین کە لەو دەروازە سنورییە بەوشێوەیە ئەنجامی پشکنین نەدرێتەوە بە هاووڵاتیان، بەڵام ئەوە کارێکی مەترسیدارە و ئێمە بەدواداچوون دەکەین و لێپێچینەوە دەکەین ئەگەر ئەوە ڕاست بێت، تەندروستیی سلێمانیش دەکرێت بەدواداچوون بکەن."
خاڵس قادر ئاماژەی بەوەشکرد، ئاگاداری ڕێکارەکانە لە دەروازەی سنوریی ئیبراهیم خەلیل کە زانیاری و کۆد لەو کەسان وەردەگیرێت و دواتر ئەنجامی پشکنینەکەی بۆ دەنێردرێتەوە.
پێدانی کاری پشکنینی کۆرۆنا لە دەروازە سنورییەکان لەکاتێکدایە، ماوەیەکی زۆرە داوادەکرێت بۆ زیادکردنی داهاتی حکومەت دەستی کۆمپانیاکان لەکارەکانی حکومەت دووربخرێتەوە و کەرتی گشتیی ئەو کارانە بکات و داهاتەکەشی بۆ خەزێنەی گشتی بێت.
سەرچاوەیەک لە دەروازەی سنوریی باشماخ بە ناس کوردی وت، ڕۆژانە 100 بۆ 150 کەس لە دەروازەکەوە دێنە هەرێمی کوردستان و پشکنینیان بۆ دەکرێت، بەپشت بەستن بەو ژمارەیە دەردەکەوێت، مانگانە بەبڕی زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار تەنها لەدەروازەی باشماخ دەکرێت.
لەوبارەیەوە خاڵس قادر ئاماژەی بەوەکرد: "لەماوەی ڕابردوودا وەزارەتی تەندروستیی بڕیاریدا کە ڕێگە بەکەرتی تایبەتیش بدات پشکنینی کۆرۆنا ئەنجام بدەن، پێدانی ئەوەش بە کۆمپانیا لەو چوارچێوەیەدایە."
لەسەر ئەو پرسە ناس کورد چەندین جار پەیوەندی بە بەرپرسانی تەندروستیی سلێمانییەوە کرد، بەڵام هیچ کامیان وەڵامی پەیوەندییەکەیان نەدایەوە.