گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس کورد بژاردەى لایەنە کوردییەکان بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە ئاشکرا دەکات

2020.09.22 - 15:39
ناس کورد بژاردەى لایەنە کوردییەکان بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە ئاشکرا دەکات

ناس کورد-هەڤاڵ فەتاح 

ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، لایەنە کوردییەکانی ناو پەرلەمان تائێستا دیدێکی هاوبەشیان لەبارەی چونێتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی داهاتوو لا گەڵاڵە نەبووە، ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆکانی نێوان فراکسیۆنە کوردییەکان لەو بارەیەوە بەردەوامە و کەشی گشتیش لەگەڵ بەکارهێنانی کارتی بایۆمەتریە بۆ دەنگدان لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.

 

 

 

مەریوان نادر، ئەندامى پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتى تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند  "لایەنە کوردییەکان وەک هەموولایەنە سیاسییەکانی دیکەی ناو پەرلەمانی عێراق تائێستا نەگەیشتوون بە دیدێکی ڕوون و یەکگرتوو لەبارەی چۆنێتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق".

 

وتیشی "کۆبوونەوەکان وگفتوگۆکانی نێوان لایەنە کوردییەکان لە بەغدا بەردەوامە، وهەر لایەنێکی کوردی دیدی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە دەخاتەڕو و گفتۆگۆی چڕوپڕی لەسەر دەکرێت، بە ئامانجی گەیشتن بەدیدێکی هاوبەش کە هەموو فراکسیۆنە کوردییەکان کۆک وهاوڕابن لەسەری".

 

لەئێستادا پرسی یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی عێراق مشتومڕێکی زۆری لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی عێراق بەگشتی ولایەنە کوردییەکان بەتایبەتی دروست کردووە، بازنەکانی هەڵبژاردن وچۆنێتی دەنگدان دوو پرسی سەرەکین کە لە ئێستادا گفتوگۆی چڕوپڕ و بەردەوامی تێیدا دەکرێت لە ناو پەرلەمانی عێراق.

 

بەوتەى مەریوان نادر،" کەشی گشتی کۆبوونەوەکان ئاماژە بەوە دەکات کە لایەن کوردییەکان لەگەڵ پەیڕەوکردنی شێوازی بایۆمەترین بۆ دەنگدان لەهەڵبژاردنەکانی حوزیرانی داهاتوو، بەڵام ئەودیدە تائێستا بە شێوەیەکی ئاشکرا وڕوون گەڵاڵە نەبووە".

 

"ئەوەی لەئێستا گرنگە بۆ پەرلەمانی عێراق پێش گفتۆگۆکردن لەسەر یاسای هەڵبژاردنی نوێ، تێپەڕاندنی یاسای داداگای فیدراڵی عێراقە، چونکە ئەو یاسایە کۆڵەکەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووە کە لەسەری ڕادەوستێت، دواکەوتنی تێپەڕاندنی ئەو یاسایە کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر تەواوکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان دەبێت" مەریوان نادر وای وت.

 

لەبارەی بۆچوونی لایەنە کوردییەکان لەسەر پرسی بازنەکانی هەڵبژاردنەکان، پەرلەمانتارەکەی یەکێتی رونیکردەوە "هاوشێوەی پرسی بایۆمەتری ئەو بابەتەش تەوەرێکی سەرەکی هەموو کۆبوونەوەکانی لایەنە کوردییەکانە، تائێستا دیدی هاوبەش لەو بارەیەوە گەڵاڵە نەبووە، دەمانەوێت بەکەمترین زیان بۆ کورد ئەو پرسە یەکلایی بکەینەوە".

 

سەبارەت بەوەی ئایا فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق هیچ پڕۆژەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە لەبارەی پرسی بازنەکانی هەڵبژاردنەوە، نادر وتی:" ئەو پلانە لەلایەن دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتییەوە دادەنرێت و پێشکەش بە فراکسیۆنی سەوزدەکرێت لە بەغدا، هەرکات ئەو پڕۆژەیە گەیشت بەدەستمان ئێمە لە ناو هۆڵی پەرلەمان بەرگری لێدەکەین".  

 

هاوکات ئەمڕۆ( سێشەممە 22ی ئەیلولی 2020)  ئەحمەد جبوری، پەرلەمانتاری عێراق بە میدیاکانی عێراق ڕایگەیاند " هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژوو لەناو پەرلەمانی عێراق دەستی پێکردووە بەمەبەستی پشتیگریکردن لە بەکارهێنانی کارتی بایۆمەتری لە دەنگدانی داهاتوودا".

 

لای خۆشییەوە هەرئەمڕۆ حوسێن عقابی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تائێستا لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیاریكردنی شێوەی بازنەی هەڵبژاردن نەگەیشتوون بە ڕێككەوتن، چونكە بۆچوونی جیاواز لەسەر ئەو پرسە هەیە.

 

وتیشی ،هەندێك بۆچوون لەگەڵ ئەوەدان هەر پارێزگایەك بكرێت بە دوو یان سێ بازنە، هەندێك بۆچوونیش لەگەڵ ئەوەدان پارێزگا گەورەكان بكرێن بە چوار تا پێنج بازنە، بەڵام هەندێك بۆچوون لەگەڵ ئەوەدان عێراق بكرێت بە 80 بازنە و هەندێك بۆچوونی دیكەیش لەگەڵ ئەوەدان عێراق بكرێت بە 40 بازنە، وەك ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە باسیدەكات.

 

ئاماژەى بەوەشکرد "هێشتا گفتوگۆ ودانوستانەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێككەوتن سەبارەت بەشێوەی بازنەی هەڵبژاردن بەردەوامە".

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ ( دووشەممە) سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، سەرۆکایەتی کۆمار، حکومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران وسەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و ژمارەیەک لە سەرکردەی هێزە سیاسییەکان لە کۆشکی حکومەت کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند کە دەبێت لە هەڵبژاردنەکاندا پشت بە کارتی بایۆمەتری ببەسترێت.

 

كۆبونه‌وه‌كه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی په‌رله‌مان كرد، به‌ڵام به‌مه‌رجێك هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ پاك وئازاد بێت وله‌ژێر چاودێری و رێوشوێن و پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌ڕێوه‌بچێت.

 

 لەکۆبوونەوەکە داواش له‌كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان كرا، هه‌موو ڕێوشوێنێكی پێویست بگرنه‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگده‌رانی سه‌رانسه‌ری عێراق كارتی هه‌ڵبژاردنیه‌كانیان له‌كاتی خۆیدا به‌ده‌ستبهێنن، ته‌نانه‌ت ئاوارە و په‌نابه‌رانیش بێبه‌ش نه‌بن له‌كارتی ده‌نگدان.

 

جه‌خت لەوەشکرایەوە، کە دەبێت ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پەلە بکات له‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنی ره‌شنوسی نوێی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌نزیكترین كاتدا، هه‌روه‌ها ته‌واوکردنی ‌ڕێژه‌ی ئه‌ندامانی دادگای باڵای فیدراڵی.

 

هه‌روه‌ها لەکۆبوونەوەکە  جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی ڕۆڵی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌پشتیوانیكردنی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان كرایەوە، له‌پێناو به‌هێزكردنی تواناكانی كۆمسیۆن به‌ئامانجی به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنی پاك و بێگه‌رد ودور له‌ساخته‌كاری.

 

ڕۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دیارکرا وەک وادەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.