گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەفتەى داهاتوو پەرلەمان دەیخاتە دەنگدانەوە

یەکلاکردنەوەى پرسی فرە بازنەیی گەیشتووەتە قۆناغى کۆتایی

2020.09.22 - 15:04
یەکلاکردنەوەى پرسی فرە بازنەیی  گەیشتووەتە قۆناغى کۆتایی

ناس کورد-

ئەندامێکى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، یەکلاکردنەوەى پرسی فرە بازنەیی هەڵبژاردن گەیشتووەتە قۆناغى کۆتایی و پێدەچێت هەفتەى داهاتوو دەنگى لەسەر بدرێت.

 

محەمەد عزى، ئەندامى لیژنەکە بە میدیاى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە، دیاریکردنى سروشتى بازنە جیاجیاکان گەیشتووتە قۆناغى کۆتایی بۆ ئامادەکردنى دوایین داڕشتن لەو بارەیەوە، پێدەچێت هەفتەى داهاتوو ئەو پرسە تەواو بکرێت و بخرێتە دەنگدانەوە و رەوانەى سەرۆکایەتى کۆمار بکرێت بۆ پەسەندکردنى.

 

وتیشى "لیژنەکەمان میوانداریی ئەندامانى ئەنجومەنى کۆمسیاران دەکات، بۆ تاوتوێکردنى میکانیزمى بازنە جیاجیاکان، ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە".

 

پرسی فرە بازنەیی هەڵبژاردنەکان کە لایەنەکان ناکۆکن لەسەرى، بووەتە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنى یاساى نوێی هەڵبژاردنەکان لە عێراق کە کۆتایی ساڵى ڕابردوو لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکرا.

 

دوێنێ (دووشەممە) سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق و ئەنجومەنى دادوەرى و سەرۆکى زۆرینەى کوتلە سیاسییەکان لە بەیاننامەیەکى هاوبەشدا داوایان لە پەرلەمان کرد بەزویی یاساى هەڵبژاردنەکان تەواو بکات و پرسی فرە بازنەیی یەکلایی بکاتەوە.

 

بە گوێرەى ماددەى 15ى ياساكە، ناوەندەكانى هەڵبژاردن لە بازنەى شارۆچكەكان دياريدەكرێن و ئەو كەسەى لە هەر شارۆچكەيەك زۆرترين دەنگ بهێنێت دەبێتە ئەندام پەرلەمان، بەڵام لایەنە سیاسییەکان لەئێستادا بەسەر چەند بەرەیەکدا دابەشبوون لەو بارەیەوە.  

  

بەشێک لەلایەنەکان پێیانوایە دەبێت عێراق یەک بازنە بێت و هەڵبژاردن بە لیستى داخراوبێت، بەشێکی تریش دەیانەوێت بازنەکان لەسەر ئاستى پارێزگاکان بێت وەکو پێشوو، هەندێکى دیکەش دەیانەوێت لەسەر ئاستى قەزاکان بێت، بەشێکی دیکەش لە لایەنەکان دەیانەوێت لەسەر ئاستى بازنەى تاکە کەسى بێت واتە 328 بازنەى هەڵبژاردن.