گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

156 وڵات بەشدارن

رێککەوتنێکى مێژویی بۆ بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا و دابەشکردنى ڤاکسین ڕاگەیەنرا

2020.09.22 - 14:47
App store icon Play store icon Play store icon
رێککەوتنێکى  مێژویی  بۆ بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا و دابەشکردنى ڤاکسین ڕاگەیەنرا

ناس کورد-

156 وڵات رەزامەندیان نیشاندا لەسەر رێککەوتنێکى "مێژویی" بۆ دابەشکردنێکى خێرا و یەکسانى ڤاکسینى دژى کۆرۆنا لەجیهان، لەگەڵ پاراستنى سیستەمى تەندروستى لاواز و ئەو کەسانەى لە هێڵى پێشەوەدا دەجەنگن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

رێکخراوى تەندروستى جیهانى سەرۆکایەتى ئەو رێککەوتنە دەکات کە ناسراوە بە "كوفاكس"، بە ئامانجى گرەنتى بەشداریکردنى توێژینەوە و کڕین و دابەشکردنى هەر ڤاکسینێکى نوێ بە یەکسانى لەنێوان دەوڵەمەندترین وڵاتان و وڵاتانى تازە گەشەسەندوو، ئەوەش بەگوێرەى رۆژنامەى "گاردیان" ى بەریتانى.

 

بەگوێرەى رۆژنامەکە، 35 وڵاتى دەوڵەمەند، لەگەڵ کۆمسیۆنى ئەوروپا کە بە نوێنەرایەتى وڵاتانى ئەندام لە یەکێتییەکە کە ژمارەیان 27 وڵاتە لەگەڵ نەرویج و ئایسلەندا، چونەتە ناو رێککەوتنەکەوە، لەگەڵ پێشبینى بەشداربوونى 38 وڵاتى دیکە لەداهاتوودا.

 

ئامانج لە رێککەوتنەکە خستنەڕووى دوو ملیار پێکوتەی کارا و سەلامەتە لەجیهاندا تا کۆتایی ساڵى داهاتوو، هەروەها حکومەت و ئەو کۆمپانیایانەى کە ڤاکسین بەرهەمدەهێنن و کەسایەتییەکان تا ئێستا 1.4 ملیار دۆلاریان تەرخانکردووە بۆ توێژینەوە لەبارەى ئەو ڤاکسینانەى کە گەشەیان پێدەدرێت.

 

هەریەکە لە ئەمریکا و چین بەشدارنین لەو رێککەوتنە، واشنتن خواستى خۆى نیشانداوە بۆ چوونە ناو رێککەوتنى دوو قۆڵى، بۆ ئەوەى ڤاکسین بەسەر دانیشتوانى وڵاتەکەیدا دابەشبکات، لەکاتێکدا چین دەڵێت بەردەوامە لە گفتوگۆ لەگەڵ رێکخراوى تەندروستى جیهانى.

 

بەگوێرەى دەقى رێککەوتنەکە، بەشێوەیەکى سەرەتایی ڤاکسینى پشتپێبەستراو بۆ 3٪ ى دانیشتوانى وڵاتانى بەشدار دابیندەکرێت، دواتر رێژەکە دەگەیەنرێتە 20٪.

 

تيدروس ئەدهانوم بەرێوەبەرى گشتى رێکخراوى تەندروستى جیهانى ڕایگەیاند "ئەو میکانیزمە هەماهەنگى لەسەر ئاستى جیهان دروستدەکات بۆکۆنتڕۆڵکردنى ڤایرۆسەکە و گرەنتیکردنى ئەوەى کە هەوڵدان بۆ دەستخستنى ڤاکسین لە رێگەى هاریکارییەوە دەبێت نەک پێشبڕکێ".

 

وتیشى "پلانەکە بۆ گەیاندنى ڤاکسینە بۆ هەندێک کەس لە سەرجەم وڵاتان، نەک هەموو دانیشتوانى هەندێ وڵات".