گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێکى گۆڕان گرنگترین دۆسیەى گفتوگۆکراوى سبەینێى دانیشتنى پەرلەمان ئاشکرا دەکات

2020.09.22 - 13:16
پەرلەمانتارێکى گۆڕان گرنگترین دۆسیەى گفتوگۆکراوى سبەینێى دانیشتنى پەرلەمان ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، پرسی گەڕاندنەوەی ئەو  فەرمانبەرانەى کە پێشتر بەگرێبەست لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان دامەزرابوون و دواتر دورخراونەتەوە گرنگترین ئەو دۆسیانەیە کە بڕیارە سبەی لە کۆبوونەوەی نێوان لیژنەی یاسایی پەرلەمان و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

 

ئەمڕۆ (سێشەممە، 22ی ئەیلولی 2020) بەهار مەحمود، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند "بڕیارە سبەی (چوارشەممە) لیژنەی یاسایی پەرلەمان میواندارێتی ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکات".

 

وتیشی "تەوەری سەرەکی میواندارێتی کۆمسیۆن پەیوەندی بەپرسی گەڕاندنەوەی فەرمانبەرانی گرێبەستی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانە لە هەرێمی کوردستان، چونکە بەشێکی هەرە زۆری ئەو کارمەندانە دوورخراونەتەوە و هاوشێوەی فەرمانبەرانی گرێبەستی ناوچەکانی دیکەی عێراق نەگەڕاونەتەوە سەر کارەکانی خۆیان".

 

ئەو پەرلەمانتارەى گۆڕان رونیکردەوە "کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانی عێراق، فەرمانبەرانی گرێبەستی سەر بە کۆمسیۆنى لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق بە بیانووی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان گەڕاندووەتەوە سەر کارەکانیان، بۆیە دەبێت کۆمسیۆن پلانی ئەوەی هەبێت فەرمانبەرانی گرێبەستیش لەهەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە سەر کارەکانیان بەتایبەتی کە لە ئێستادا پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ئارادایە".

 

ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو"دەمانەوێت بزانین کۆمسیۆن بۆ گەڕاندنەوەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان چ پێوەرێک پەیڕەو دەکات".