گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوو بژاردە و 48 کاتژمێر

ناوەڕۆکى پەیامەکانى پارتى بۆ یەکگرتوو پێش هەڵوەشاندنەوەى رێککەوتنى نێوانیان

2020.09.22 - 12:16
ناوەڕۆکى پەیامەکانى پارتى بۆ یەکگرتوو پێش هەڵوەشاندنەوەى رێککەوتنى نێوانیان

ناس کورد-

پارتى دیموکراتى کوردستان وادەى 48 کاتژمێرى بۆ یەکگرتووى ئیسلامى دیاریکردبوو تا لەنێوان دوو بژاردەدا خۆی یەکلا بکاتەوە، کێشانەوەى واژۆى پەرلەمانتارەکانى لە یاداشتى بانگهێشتکردنى سەرۆکى حکومەت، یان جێهێشتنى پۆستەکانى لە دهۆک، یەکگرتووش ئەوەى دووەمى هەڵبژارد، ئەوەش بەگوێرەى وتەى پەرلەمانتارێکى ئەو حزبە.

 

شەوى ڕابردوو یەکگرتوو هەڵوەشاندنەوەى رێککەوتنەکەى لەگەڵ پارتى ڕاگەیاند کە پێنج ساڵ لەمەوبەر واژۆیانکرد لەسەر ئاستى حکومەتى خۆجێی دهۆک و ئاماژەى بەوەکرد ئەو پۆستە ئیدارییانەى بەدەستیەوەیە رادەستیدەکاتەوە.

 

ئەبوبەکر هەڵەدنى، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکگرتوو لە پەرلەمانى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند "ئەو بڕیارە پەیوەندى بە دوو هۆکارەوە هەبوو، یەکەمیان پرسی خۆپیشاندانەکانى دهۆک، دووەمیان واژۆى ئێمە بۆ بانگهێشتکردنى سەرۆکى حکومەت بۆ پەرلەمان".

 

بەشێک لە خۆپیشاندانەکانى دهۆک کە لەچەند مانگى ڕابردوودا بەڕێوەچوون بۆ داواکردنى موچە، یەکگرتوو پشتیوانى بۆ دەربڕى و و پارتیش ئەو حزبە و چەند لایەنێکى دیکەى بە هاندانى خەڵک تۆمەتبارکرد، ئەوەش پەیوەندییەکانى هەردوو حزبەکەى بەرەو ئاڵۆزى برد. بەڵام لەئاستێکى سنورداردا مایەوەو پەلی نەکێشا بۆ گرژى زیاتر.

 

بەڵام چەند هەفتەى ڕابردوو پەیوەندییەکانى هەردوو حزب دوور لە چاوى میدیاکان گەیشتە ئەوپەڕى ئاڵۆزى، کاتێک پەرلەمانتارانى یەکگرتوو لەگەڵ فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکانى دیکە بۆ جارى دووەم هەڵمەتێکى کۆکردنەوەى واژۆیان بۆ پرساندنى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت، قوباد تاڵەبانى جێگرى و ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایی دەستپێکرد.

 

بەوتەى هەڵەدنى، هۆکارى سەرکى نیگەرانییەکانى پارتى لە یەکگرتوو، پەیوەندى هەبووە بەو پرسەوە، بەڵام ئەوان سوربوون لەسەر ئەوەى کە واژۆکانیان ناکێشنەوە.

 

"بەدرێژایی رۆژانى ڕابردوو پارتى لەسەر ئاستى باڵا چەندین پەیامى ئاڕاستەى یەکگرتوو کردووە، لە دوایین پەیامیدا کە رۆژى سێیەممەى ڕابردوو ئاڕاستەى یەکگرتووى کرد، ئەوە بوو لەماوەى 48 کاتژمێردا خۆمان یەکلایی بکەینەوە، کێشانەوەى واژۆکانمان، یان جێهێشتنى پۆستەکانمان لە دهۆک"، هەڵەدنى وایوت.

 

بەگوێرەى رێککەوتنى پارتى و یەکگرتوو کەساڵى 2015 لەنێوانیان واژۆکرا، یەکگرتوو زیاتر لە 20 پۆستى لە حکومەتى خۆجێی دهۆک پێدرا، هەندێ لەو پۆستانە هێشتا نەدرابوون بە یەکگرتوو کاتێک رێککەوتنى نێوانیان هەڵوەشایەوە.

 

هەڵەدنى وتى "بە راوێژى دامەزراوەکانى یەکگرتوو، بەرپرسانى حزب و ئیداریی لە دهۆک، بژاردەى دووەممان هەڵبژارد کە جێهێشتنى پۆستەکانمان بوو، چونکە پێمانوایە ئەوەى کردومانە بۆ بانگهێشتکردنى سەرۆکى حکومەت رێکارێکى یاساییە".

 

یاداشتى پرسانى سەرۆکى حکومەت تا ئێستا لەلایەن 22 پەرلەمانتارەوە واژۆکراوە، لەکاتێکدا بەپێی پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان پێویستە 23 پەرلەمانتار واژۆی بکات، پەرلەمانتارانى ئۆپۆزسیۆن لەناویاندا پەرلەمانتارانى یەکگرتوو جەختیانکردوەتەوە لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ کۆکردنەوەى واژۆى پێویست.

 

هەڵەدنى ئاشکرایکرد، بە پارتیان وتووە کە ئەو دوو پرسە لەیەکترى جیان، رێککەوتنى ئیداریی لە دهۆک پەیوەندى بەپرسی بانگهێشتکردنى سەرۆکى حکومەتەوە نییە، بەڵام پارتى سوربووە لەسەر پێکەوە بەستنى هەردوو پرسەکە بەیەکەوە، بۆیە ئەوان پۆستەکانیان جێهێشتووە.

 

"سورین لەسەر داواى بانگهێشتکردنى سەرۆکى حکومەت و بەرپرسانى باڵاى حکومەت بۆ پەرلەمان، پێویست ناکات حزبە دەسەڵاتدارەکان لەوە بترسن، چونکە دەتوانێت بێتە پەرلەمان و وەڵامى پرسیارى پەرلەمانتاران بداتەوە، سەربارى ئەوەى ئەوان و هاوپەیمانەکانیان زۆرینەن"، هەڵەدنى وایوت.

 

پارتى دیموکراتى کوردستان تا ئێستا هیچ رونکردنەوەیەکى نەداوە لەبارەى هەڵوەشاندنەوەى رێککەوتنەکەى لەگەڵ یەکگرتوو لە دهۆک، بەڵام بەرپرسانى پارتى پێشتر چەند جارێک یەکگرتوویان تۆمەتبارکردووە بەوەى "تۆمەت" ئاڕاستەى حکومەت دەکات.

 

پەیوەندییەکانى پارتى و یەکگرتوو تا پێش رێککەوتنەکەیان لە دهۆک بەردەوام لە هەڵکشان و داشکاندا بووە، بەتایبەتى لەسنورى پارێزگاى دهۆک کە پارتى بە پێگەى سەرەکى خۆى دادەنێت و یەکگرتووش بەردەوام لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگێکى زۆرى هێناوە.  

 

یەکگرتوو لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم بەسەرۆکایەتى مەسرور بارزانى بەشدار نییە و وەکو ئۆپۆزسیۆن کاردەکات، بەڵام لە دهۆک کە خاوەنى سێ ئەندامى ئەنجومەنە، بەشدار بوو لە حکومەتى خۆجێی.