گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گەرما و ئاگر ساردترین ناوچەى جیهان گەمارۆ دەدەن

2020.09.22 - 11:42
گەرما و ئاگر ساردترین ناوچەى جیهان گەمارۆ دەدەن

ناس کورد-

گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا کاریگەرى بێپێشینەى لەسەر بڵاوبوونەوەى ئاگر لە دارستانەکانى سیبریا و ناوچەى بەستەڵەکى باکور دروستکردووە، کە بە ساردترین ناوچەى جیهان دادەنرێن.

 

سیرجى ئونوبريينكو، جێگرى وەزیرى سەرچاوە سروشتییەکان و سەرۆکى دەستەى دارستانەکانى روسیا ڕایگەیاند "کۆمارى یاکوتیا وەک ساردترین ناوچەى سەر رووى زەوى لەمساڵدا بەرزبوونەوەى پلەى گەرماى بەخۆوە بینیوە تا 38 پلەى سەرووى سفر، ئەوەش ژمارەیەکى پێوانەییە لەو ناوچەیە، لەکاتێکدا پلەى گەرماى زستان لەهەندێ شوێن بۆ 62 پلەى ژێر سفر دادەبەزێت".

 

گەرماى بەتین کە ناوچەى بەستەڵەکى باکورى گرتووەتەوە، هەندێ لە دانیشتوانى ناوچەکەى هاندا لە مانگى رابردوودا مەلەوانى بکەن لەئاوەکانى دەوروبەرى بەستەڵەکى باکور کە بەهۆى گەرماوە تواونەتەوە.

 

سیرجى ئونوبريينكو دەڵێت "کەشوهەوا بەخێرایی دەگۆڕێت و هەموو ساڵێک سوپرایزێکى نوێی پێیە، بەڵام ئاگرى دارستانەکان بەشێوەیەکى قۆناغبەندى کشاوە بەرەو باکور و گەیشتووەتە دورترین ناوچەى باکورى روسیا".