گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

هەوڵدەدەین دەستەڵاتی ئەمریکا لە عیراق کەمبکەینەوە

پەرلەمانتارێکی شیعە: سوپای ئەمریكا ڕێگرە لە حەشدی شەعبی لە سنوری نێوان عیراق-سوریا بن

2019.03.04 - 18:29
پەرلەمانتارێکی شیعە: سوپای ئەمریكا ڕێگرە لە حەشدی شەعبی لە سنوری نێوان عیراق-سوریا بن

 

ناس کورد- هەڤال فەتاح

سوپای ئەمریكا ڕێگری دەكات لەوەی حەشدی شەعبی لەسەر سنوری نێوان عیراق-سوریا بن، ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، ڕەخنە لە هێزەكانی ئەمریكا دەگرێت و داوای کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئەمریکا دەکات لە عیراق.

 

ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق محەمەد ڕەزا تایبەت بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "هیچ هەماهەنگییەك لە نێوان هێزەكانی ئەمریكا و هێزەكانی حەشدی شەعبی نیە، تەنانەت ئەمریكا حەشدی شەعبی بە هێزی فەرمی دانانێت، دەیانەوێت ئەو هێزانە لە كاربكەون".

 

ئەندامە شیعەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هێزەكانی ئەمریكا بەوەش تۆمەتبار دەکات کە زۆر جار لەمپەرن لە بەردەم کارەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچە سنورییەكانی عیراق-سوریا وتیشی: "هێزەكانی ئەمریكا لە گەڵ فەڕەنسییەكان، لە بنكەی سەربازی (بیر مراسمە) كە دەكەوێتە ناوچە سنورییەکان، چەند یەکەیەکی تۆپهاویشتنیان هەیە، ڕێگرن لە نزیكبوونەوەی هەموو هێزێكی عیراقی.

   محەمەد ڕەزا ئەوەشی ئاشکراکرد کە لە داهاتوودا دەیانەوێت لە پەرلەمانی عیراق هەوڵ بدەن بۆ کەمکردنەوەی ڕۆڵی هێزی ئەمریكا لە عیراق.