ناس کورد-
دەستەى دەروازە سنورییەکانى عێراق ڕایگەیاند، مستەفا کازمى فەرمانى پێکهێنانى لیژنەیەکى کردووە بۆ حکومەتى ئەلیکترۆنى و کارکردن بە سیستمى ئەلیکترۆنى لە رۆژانى داهاتوودا دەبێت، بە ئامانجى سنوردانان بۆ گەندەڵى لە خاڵە سنورییەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عومەر وائیلى سەرۆکى دەستەکە بە میدیاى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە، لیژنەکە لەلایەن حەمید عزى ئەمیندارى گشتى ئەنجومەنى وەزیرانەوە سەرۆکایەتى دەکرێت، کە چەند لقێکى لێدەبێتەوە، لەپێناو دانانى سیستەمێکى ئەلیکترۆنى بۆ رێوشوێنە گومرگییەکان.
وتیشى "لە رۆژانى داهاتوودا سیستەمەکە تەواو دەبێت و کارى پێدەکرێت، بۆ سنوردانان بۆ ئەو گەندەڵیەى کە هەیە، تا بەتەواوى کۆنتڕۆڵى داهات بکرێت".
کارکردن بە سیستەمى ئەلیکترۆنى لەکاروبارە گومرگییەکانى خاڵە سنورییەکان، دووەم هەنگاوى حکومەتە بۆ کۆنتڕۆڵکردنى تەواوەتى خاڵە سنورییەکان و ریشەکێشکردنى گەندەڵى، دواى ئەوەى لەدوو مانگى ڕابردوودا بەهێز ئەو سنورانە کۆنتڕۆڵکران و لەدەستى گروپە چەکدارەکان دورخرانەوە.
عومەر وائیلى دەڵێت، دەروازە سنورییەکان بەتەواوى کۆنتڕۆڵکراون، دواى هاتنى هێزى پاراستنى فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەکان لەسەر داواى ئەوان و بەفەرمانى سەرۆکوەزیران و گرتنى دەروازە سەرەکییەکان و رێگریکردن لە هاتنە ناوەوەى هەرکەسێک بە نایاسایی لەپێناو سنوردانان بۆ گەندەڵى".
دەشڵێت، داهاتى دەروازەکان بەرزبوونەوەى بەخۆوە بینیوە، لەمانگى تەموزدا گەیشتووەتە 97 ملیار دینار، لەمانگى ئابدا گەیشتووەتە 107 ملیار دینار، واتە بەجیاوازى 10 ملیار دینار لەمانگى پێشوو، بە کارکردنى تەنها حەوت خاڵى سنورى.
وائیلى جەختیکردووەتەوە، دەروازە وشکانییەکان لەئێستادا داخراون بەرووى سەردانکەراندا، جگە لەخوێندکاران و ئەوانەى بەدەست چەند جۆرە نەخۆشییەکەوە دەناڵێنن.