گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’ئێران چاوى بڕیوەتە پەرلەمان و وەزارەتەکان بۆ سەپاندنى هەژمونى خۆى’

فرانس پرێس: ئێران هەژموونى خۆى لە نوسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەدەستداوە 

2020.09.20 - 17:44
فرانس پرێس: ئێران هەژموونى خۆى لە نوسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەدەستداوە 

ناس کورد-

بەهۆى پاشەکشەى هەژمونى ئێرانەوە لە نوسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق، ئەو وڵاتە بەدواى دەروازەى نوێدا دەگەڕێت بۆ ئەوەى هەژمونى بسەپێنێت بەسەر بڕیاردا لە عێراق، ئەوەش بەپێی ئاژانسى فرانس پرێس.

 

ئاژانسەکە لە راپۆرتێکدا بەبۆنەى تێپەڕبوونى 40 ساڵ بەسەر شەڕى ئێران و عێراقدا، باسى لە هەژمونى ئێران کردووە لەدواى روخانى رژێمى سەدام حوسەینەوە تا ئێستا.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لەو کاتەوە ئێران چووەتە جەنگەوە لەگەڵ عێراق پێش 40 ساڵ لەمەوبەر، تاران گرژییە توندەکانى لەگەڵ دراوسێکەى گۆڕیوە بۆ هەژمونى فراوان و ئێستا بووەتە هاوبەشێکى سەرەکى لەو وڵاتە.

  

عەزیز جەبر مامۆستا لە زانکۆى موستەنسریە لە بەغدا دەڵێت هەرگیز پێشبینى روودانى کارێکى لەو شێوەیەى نەکردووە "کارێکى قورسە کە بیرى لێبکەیتەوە، بەڵام روویدا، حزبە سیاسییەکانى پەیوەست بە ئێران کە بەشێکیان لەو وڵاتە دامەزران، ئەمڕۆ بوونەتە دەسەڵاتدار".

  

لە راپۆرتەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، کەسایەتییە عێراقییەکان کە ساڵانێکى درێژە هاوپەیمانى ئێرانن بەدرێژایی 17 ساڵى ڕابردوو چونەتە هەرەمى دەسەڵات لە عێراق. 

 

سێ سەرۆکوەزیران لەکۆى شەش سەرۆکوەزیران لەدواى ساڵى 2003 ەوە ئەو پۆستەیان گرتووەتە دەست، ئیبراهیم جەعفەرى و نورى مالیکى و عادل عەبدولمەهدى، کە لە ساڵانى هەشتاکاندا لە ئێران بوون. هەروەها بەرپرسانى دیارى فەیلەقى بەدر پۆستى باڵاى ئەمنیان پێدراوە.

  

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هەروەها نێچیرڤان بارزانى و مەسرور بارزانى کە خۆیان و خانەوادەکانیان پەنایان بردە بەر ئێران لەکاتى حوکمى سەدام حوسەیندا، پۆستەکانى سەرۆک، سەرۆکوەزیرانى هەرێمی کوردستانى عێراقیان بەدەستەوەیە.

    

جەبر دەڵێت "ئەوانەى لە ئێران دروستکران تەنها بۆ مەبەستى شەڕ نەبوو، بەڵکو بۆ سود لێوەرگرتنیان بوو لە ئەمڕۆدا کاتێک توانیان بگەنە دەسەڵات لە عێراق".

  

 لەرووى ئابورییەوە عێراق بووەتە گەورەترین بازاڕى کاڵا ئێرانییەکان، بەهاى هەناردەى ئێران گەیشتووەتە نۆ ملیار دۆلار، لەنێوان ئازارى 2019 تا ئەم مانگە، ئەوەش بەپێی ژورى بازرگانى تاران.

  

لەراپۆرتەکەدا هاتووە، هەژمونى سیاسی و ئابورى ئێران لە عێراق بووەتە هۆى هەراسانکردنى عێراقییەکان.

 

محەمەد عەبدولئەمیر سەربازى پێشوو تەمەن (56 ساڵ) دەڵێت "عێراقییەکانى بەشدار لە حکومەت رێگەیان بە ئێرانداوە دەستوەردان بکات و ئابورى و کشتوکاڵ و تەنانەت ئاسایشیان رادەست کردووە".

  

وتیشى "پێنج ساڵ لەدژى ئێران جەنگام و 10 ساڵ بەدیل گیرام لە ئێران، لەکۆتایدا وڵاتەکەم رادەستى ئێران کرا".   

 

خۆپیشاندانە بەفراوانەکانى عێراق کە لەکۆتایی ساڵى ڕابردوودا سەریانهەڵدا، توڕەیی خەڵکى بەرانبەر چینى سیاسەتمەداران دەرخست کە تۆمەتباردەکرێن بە گەندەڵى و شکستهێنان و لایەنگریان بۆ ئێران.

 

دواى چەند مانگێک، ئەمریکا لەرێگەى هێرشى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانەوە لەبەغدا جەنەراڵ قاسم سولەیمانى و ئەبو مەهدى موهەندیسى کوشت. سولەیمانى کە سەرەتاى خزمەتى سەربازى لەشەڕى ئێران و عێراقدا دەستیپێکرد، سەرپەرشتى سەرەکى دۆسیەى عێراق بوو، بەڵام موهەندیس فەرماندەیەکى دیارى حەشدى شەعبى نزیک لە ئێران بوو.

  

بەوتەى شیکەرەوان، ئەو هێرشە گرنگترین زنجیرەى هەژمونى ئێرانى لە عێراق پچڕاند.  

  

بەگوێرەى راپۆرتەکە، لە ئایارى ڕابردوودا کاتێک مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق چووە سەر کورسی سەرۆکوەزیران، دەوروبەرەکەى بەو راوێژکارانە پڕکردەوە کە بەوە ناسراون کەمترین لایەنگریان بۆ ئێران هەیە بەراورد بەوانەى پێشوو.

 

لەگەڵ ئەو پاشەکشەیەى هەژمونى تاران لەنوسینگەى سەرۆکوەزیران، ئەو وڵاتە چاوى بڕیوەتە پەرلەمان و وەزارەتەکان بۆ سەپاندنى هەژمونى خۆى، ئەوەش بەپێی راپۆرتەکە.