گه‌ڕان

Shadow Shadow

پەیامەكانی سەرۆك كۆمار بۆ شاندەكەی شاری كەركوك

2020.09.20 - 15:32

ئاكۆ عەبدوڵا ئاڵی

ناس بیروڕا-

سەردانی شاندی پیاوماقوڵانی شاری كەركوك بۆ لای بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار، ڕێكوڕەوان دیدارەكانی مام جەلالی كۆچكردوومان بیردەخاتەوە كە لەگەڵ كەسایەتی و شاندەكانی شاری كەركوك ئەنجامی دەدان، بە تایبەتیش لە ڕووی ئەو پەیامانەوە كە ئاراستەیكردن، هەروەها لە ڕووی هەستیاری قۆناغەكە و ئامادەباشی بەردەوام لە دەستبردن بۆ پرسە چارەنووسساز و هەستیارەكان و كردنەوەی گرێكوێرەكان و خاوكردنەوەی بارگرژییەكان.

 

شاراوە نییە كە لە ئێستادا لە شەقامی كوردی بە گشتی و لە نێو سیاسییەكانی هەرێم بە تایبەتی، نائومێدییەكی زۆر گەورە سەبارەت سەبارەت بە پرسی كەركوك بەدی دەكرێت، زۆرینەیان پێیان وایە پرسەكە نیمچە كۆتایی هاتووە و جارێكی دیكە كورد لەو شارەدا نابێتەوە خاوەن پێگەی شایستەی خۆی. لە سایەی ئەو ڕەشبینی و بێ ئومیدییەدا، لە جەنگەی ململانێی كابینە تازەكەی عێراق دژ بە گەندەڵی و گیڕانەوەی سەربەخۆیی بڕیاری نیشتمانی وڵاتەكەی، سەرۆك كۆمار بە گوێرەی پێگە و دەسەڵات و ئەركە دەستووریەكانی، دووبارە پرسی كەركوكی هێنایەوە سەر گۆڕەپانی سیاسی ڕووداوەكان.

سەرۆك كۆمار لەو دیدارەدا چەند پەیامێكی دەستوری و یاسایی و بابەتی ئاراستەی شاندی میوان و هەموو گەلی عێراق و دەسەڵاتدارانی كرد، كرۆكی و كاكڵەی پەیامەكەش بریتی بوو لە:

دەستەی سەرۆكایەتی عێراق بە پەرۆش و مكوڕ و شێلگیرە كە گرفت و كێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی وڵات لەسەر بنەمای دەستور چارەسەر بكات، بە تایبەتیش پرسی كەركوك كە نەخشە ڕێگەی چارەسەرەكەی ماددەی 140 ی دەستورە، جگە لەو بنەما هیچ بنەمایەكی دیكە قبوڵكراو نییە وپشتی پێنابەسترێت.

سەپاندنی ئەمری واقع و لۆژیكی هێز و واقعی حاڵ بە هەموو شێوەیەك ڕەتكراوە و ناپەسەندە، نەزۆك و بێ بەرهەمە، لە ڕابردوو وابووە و لە ئێستا و ئایندەش هەر وا دەبێت، بەو پێیەی هیچ پرسێك چارەسەر ناكات و كێشە و گرفتەكانیش ئاڵۆزتر دەكات.

دەستتێوەردانی دەووروبەر لە كێشەكانی عێراق بە گشتی و پرسی كەركوك بە تایبەتی قبوڵكراو نییە، ئەمەش دووپاتكردنەوەی پەیامە تازەكەی دەوڵەتی عێراقە لەوەی سەربەخۆی بڕیاری نیشتمانی و سەروەری عێراق دەبێت پارێزراوبن و سازشیان لەسەر ناكرێت.

چارەسەری پرسی كەركوك بە پلەی یەكەم پەیوەستە بە ویستی ئازادانەی دانیشتوانەكەی كە تەنها بە بڕیار و دەنگی ئەوان پرسەكە بەلایەكدا دەخرێت، بۆیە پێویستە هەموو پێكهاتەكانی شارەكە لەو چوارچێوەی دەستور دیاری كردووە بە دوای چارەسەردا بگەڕێن و لە كۆتایشدا بە دەنگی خۆیان یەكلایی بكەنەوە.

سەرۆك كۆمار موزایەدە بە پرسی كەركوكەوە ناكات هەروەك پێشتر كەس و لایەنەكان كردیان و بە ئەنجامدانی هەندێك ڕەفتاری ڕووبینی و ڕواڵەتی شارەكەیان تووشی گرفتی گەورە كرد و لەبن دەستی كوردیان دەرێنا، چونكە پرسەکە ئالۆز و هەستیارە و شیاوی موزایەدەكردن و سەركێشی پێوەكردن نییە و دەبێت بە ئەوپەڕی بەرپرسیاریەتییەوە دەستی بۆ ببرێت.

سەرۆك كۆمار پرسی كەركوكی بیرنەچۆتەوە و بە بەردەوامی كاری لەسەر دەكات، لەو پێناوەشدا زۆر و كەم توانیویەتی نەهێڵێت پرسەكە لەوە ئاڵۆزتر بێت، لە لایەكی دیكەشەوە بەری بە هەندێك كار و كردەوەی شۆڤێنییانە گرتووە كە دەسەڵاتدارانی ئێستای كەركوك وویستوویانە لە بەرژەوەندی لایەنێكی دیاریكراو ئەنجامی بدەن، كاری جدیشی كردووە كە پێشمەرگە وەك هێزێكی نیشتمانی بگەڕێتەوە كەركوك و پارێزگاری لە ئاسایشی شارەكە بكات، ئەمە جگە لەوەی ستافی سەرۆكایەتی كۆمار چەند كەسایەتی و فیگەرێكی كەركوكی تێدایە كە بە بەردەوامی لە هەوڵی ڕێگەخۆشكردنن بۆ دووبارە رێكخستنەوەی دۆخی شارەكە.

پوختەی قسە ئەوەیە: كە سەرۆك كۆمار خاوەن دیدگا و پلان و بەرنامەیە بۆ چارەسەركردنی پرسی كەركوك، بە هێمنی و ووردبینی و قۆناغبەندی كاری لەسەر دەكات، ، برەو بە ڕێگەچارە دەستوری و نیشتمانی و خۆماڵییەكان دەدات لە مامەڵەكردن لەگەڵ پرسە هەستیارەكانی عێراقدا. ئەو كتومت لەسەر نەخشە ڕێگاكەی مام جەلالی كۆچكردووە ڕێ دەكات و بە گوێرەی پێداویستی قۆناغەكەش ئەگەر پێویست بكات، لەوانەیە لێی زیاد و كەم دەكات.