گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستیی دهۆک لەبارەی ’’مردنی توشبووانی کۆرۆنا بە جۆرە دەرزیەک’’ ڕونکردنەوە دەدات

2020.09.20 - 15:17
تەندروستیی دهۆک لەبارەی ’’مردنی توشبووانی کۆرۆنا بە جۆرە دەرزیەک’’ ڕونکردنەوە دەدات

ناس کورد-

دوای ئەوەی لەڕێگەی ڤیدیۆیەکی دەنگییەوە ژنێک ڕایگەیاند، لە دهۆک جۆرە دەرزرییەک لە توشبووانی کۆرۆنا دەدرێت و پاش چەند ڕۆژێک دەبێتەهۆی مردنی ئەو توشبووانە، تەندروستیی دهۆک ڕونکردنەوە دەدات و دەڵێت، هیچ ڕاستییەک لەو قسانەدا نییە.

 

شەوی رابردوو ڤیدیویەکی دەنگی ژنێک لە دهۆک بە شێوەیەکی خێرا و بەرفراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە تیایدا باس لەوە دەکات، پزیشکانی دهۆک لە رێگەی دەرزیرکی کوشندە کە ناوی (کورتیزون)ە وھەندێک دەرمانی ترەوە، چەندین توشبووی کۆرۆنایان بە کوشت داوە.

 

ئەو ژنە ئەوەش دەڵێت، ئەو جورە دەرمانانە و بە تایبەت کورتیزون بە خەڵک دەکڕن و بۆیان بەکار دەھێنن، پاش چەند ڕۆژێک لە بری چاکبوونەوە دەرئەنجامەکەی مەرگ دەبێت، بەتایبەت ئەم ژنە باسی مردنی گەنجان دەکات لەو ڤیدیویەدا.

 

ھەروەھا نمونەیەکیش باس دەکات کەسێک بەناوی "دڵشاد" کە گوایە ئەو دەیناسێت بە پەلەپەل فریای براکەی کەوت و لە مردن ڕزگاریکرد.

 

دەشڵێت، دکتورێک دەناسێت بەوهۆیەوە دەستی لە کارکێشاوەتەوە، چونکە ڕازی نەبووە لەسەر کوشتن و بەکوشت دانی خەڵک، داواش لە خەڵک دەکات سەردانی نەخوشخانەکان نەکەن، چونکە جێگای متمانە نین.

 

لەوبارەیەوە، حەمزە رەزیکی، بەرپرسی راگەیاندنی بەرێوبەرایەتی گشیی تەندروستیی دھۆک بەناس کوردی راگەیاند: "ھیچ راستییەک لەو قسانەدا نیە و ئێمە بەپێی پڕوتوکۆڵی نێودەوڵەتی کار بەو جورە دەرمانانە دەکەین، ھیچ کاتێک نەبووە بزانین دەرمانێک زیان بە ھاوڵاتییەک دەگەیێنێت و ئێمە بۆیان بەکار بێنین."

 

وتیشی، وەکو تەندروستی دھۆک ھەموو ھەوڵێک دەدەن  کە ئەو نەخوشانەی تەندروستیان جێگیر نییە بتوانن چارەسەریان بکەن، نەک هاوڵاتی بە کوشت بدەن.

 

بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی دھۆک ڕونیشیکردەوە، مەبەستی ئەو ژنە دەرزی (دیکسا میتازون)ە، ئەو جورە دەرزییە پێش ئێستاش لە ھەموو شوێنێک ھەبووە و بۆ جورێک نەخوشی ھەستیاری بەکارھێنراوە و بۆ گەلێک چارەسەری تریش بەکارھاتووە و کەسیشی پێ نەمردووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد: " چون دەبێت ئێستا خەلک بەو دەرزیە بمرێت، ئێستاش ھەندێک نەخوش ھەیە کە پێویستیان بەو جورە دەرمانانە ھەیە و دۆخی تەندروستیان خراپە و ھیچ چارەسەریکی تریش نیە و ئێمە بەوانی دەدەین بۆ ئەوەی بتوانین لایەنی کەم وزەیان ببەخشێت بو بەرگێریکردن دژی ئەم پەتایە."