گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لایەنە کوردییەکانی کەرکوک بەبێ پارتی دوو بڕیاریان دا

2020.09.20 - 14:59
لایەنە کوردییەکانی کەرکوک بەبێ پارتی دوو بڕیاریان دا

ناس کورد-

کۆبوونەوەی حزبە کوردییەکانی کەرکوک جگە لە پارتی کۆتایی هات و تیایدا سەرجەم لایەنەکان کۆکبوون لەسەر ئەوەی لە کەرکوک بەیەک لیست بەشداری هەڵبژادنەکان بکەن و یاسای فرەبازنەیی هەڵبژاردنەکانیش ڕەتبکەنەوە، بەڵام پارتی تاوەکو ئێستا لەنێو ئەو بۆچوونانەدا نییە.

 

نەجات محەمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکوک بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا گفتوگۆکرا دەربارەی پرسی یاسای هەڵبژردانەکانی پەرلەمانی عێراق و پرسی بەشداریکردنی کورد لە هەڵبژردانەکەدا."

 

وتیشی: "لە کۆبوونەوەکەدا سەرجەم لایەنەکان بڕیارماندا یاسای فرەبازنەیی هەڵبژاردنەکان ڕەتبکەینەوە، چونکە لەبەرژەوەندی کورد نییە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم."

 

ئاماژەی بەوەشکرد: "هەروەها سەرجەم لایەنەکان کۆکبوون لەسەرئەوەی کورد لە کەرکوک بە یەک لیس بەشداری بکات، بەڵام پارتی بەهۆی لە کۆبوونەوەکەدا نەبوو تائێستا بۆچوونی نەبووە لەوبارەیەوە."

 

لەئەگەری جێگیرکردنی فرەبازنەیی لە یاسای هەڵبژاردنەکاندا، ئەوا کورد ناتوانێت بە یەک لیست بەشداری بکات و بەرپرسەکەی یەکێتیش ئەوە بە زیانی کورد ناودەبات و دەڵێت، لەو حاڵەتەدا کورد زیاتر لە سێ کورسی لەدەستدەدات.